سەردێڕ:

کەى چارەسەرى کۆرۆنا دەدۆزرێتەوە؟

فۆتۆ: 
2020-03-21

34366 جار خوێندراوەتەوە

لەبارەى دۆزینەوەی چارەسەرى ڤایرۆسى کۆرۆناوە ڕێکخراوى تەندروستى ڕایگەیاندووە، دواى ٦٠ ڕۆژ لە زانینى پێکهاتەى جیناتى ڤایرۆسەکە، دەستکراوە بە تاقیکردنەوەى چەند ڤاکسینێک بۆ چارەسەرى ڤایرۆسەکە.

ماڵپەڕى بى بى سى بڵاویکردووەتەوە، ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى باس لەوە دەکات کۆمپانیاکانى دەرمان هەنگاوى گرنگ و زۆریان بڕیوە بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى کۆرۆنا، تێدروس ئەدهانۆم سەرۆکى ڕێکخراوەکە رایگەیاندووە، دواى ٦٠ ڕۆژ لە لێکۆڵینەوە و زانینى پێکهاتەى جیناتى ڤایرۆسى کۆرۆنا، لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەى ڤاکسینێکى دژەڤایرۆسەکە دەستیانپێکردووە و کۆمپانیاکانى دەرمان چەندین تاقیکردنەوەیانکردووە و هەوڵى ئەوەدەدەن لە نزیکترین کاتدا چارەسەرەکە بدۆزنەوە.

لەوچوارچێوەیەشدا، هەفتەى رابردوو دامەزراوەى کایسەربیرمانینتی ئەمریکى بۆ توێژینەوەکان دەرمانێکى لەسەر چوار خۆبەخش تاقیکردەوە، لەئێستاشدا توێژەرەوان چاوەڕوانى ئەنجامى ئەو تاقیکردنەوە و چەندین تاقیکردنەوەى دیکەن لە جیهاندا.

زاناکانیش پێیانوایە چارەسەرەکە لە چەند مانگى داهاتوودا بەردەستدەبێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ڤایرۆسى کۆرۆنا سەرەتا لە وڵاتى چین بڵاوبووەوە و زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس لەو وڵاتە توشى ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە سێ هەزار کەسیش بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستدا. لە ئێستاشدا ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە کۆنتڕۆڵکراوە و لەبەرامبەردا بە وڵاتانى ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بڵاوبووەتەوە، ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئێرانیش لە ڕیزى پێشەوەى وڵاتانن لە زۆرى ژمارەى توشبوون تێیاندا.