سەردێڕ:

چین.. سێ ڕۆژە هیچ حاڵەتێکى توشبوون بە کۆرۆنا لە ناوخۆدا تۆمارنەکراوە

فۆتۆ: 
2020-03-21

1142 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسى شینخواى چینى بڵاویکردەوە، بۆ سێیەم ڕۆژە هیچ توشبووەیەکى کۆرۆنا لەناوخۆى چیندا تۆمارنەکراوە.

بەپێى ئاژانسى هەواڵى شینخواى چینى، ئەمڕۆ شەممە بۆ سێیەم ڕۆژە لە هەرێمى هوبەی و تەواوى وڵاتەکەش هیچ توشبوونێکى نوێ بە کۆرۆنا تۆمار نەکراوە و ماوەى سێ ڕۆژە ئامارى توشبووانى کۆرۆنا لە هەرێمى هوبەى لە ٥٠ هەزار ٥ کەسدا وەستاوە.

لیژنەى تەندروستى وڵاتەکەش رایگەیاندووە، ئەمڕۆ ٥٦١ کەس نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، بەوەش کۆى ژمارەى ئەو کەسانەى چاکبوونەتەوە گەیشتووەتە ٥٨ هەزار و ٩٤٢ کەس.

لەئێستاشدا پێنج هەزار و ٤٢٣ توشبوو لە نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە، لەو ژمارەیەش هەزار و ٥٢١ کەس تەندروستییان جێگیرنییە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ڤایرۆسى کۆرۆنا سەرەتا لە وڵاتى چین بڵاوبووەوە و زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس لەو وڵاتە توشى ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە سێ هەزار کەسیش بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

لە ئێستاشدا ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە کۆنتڕۆڵکراوە و لەبەرامبەردا بە وڵاتانى ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بڵاوبووەتەوە، ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئێرانیش لە ڕیزى پێشەوەى وڵاتانن لە زۆرى ژمارەى توشبوون تێیاندا.