سەردێڕ:

عێراق.. سێ توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

فۆتۆ: 
2020-03-20

9127 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى تەندروستى عێراق رایگەیاند، لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا ١٥ حاڵەتی نوێی توشبوون و سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراون.

لە راگەیەنراوێکى وەزارەتى تەندروستی و ژینگەى عێراقدا هاتووە، ئەمڕۆ هەینی، ٢٠ى ئازارى ٢٠٢٠، ئەنجامى پشکنینى ٣٥٠ کەس گەڕاوەتەوە و دەرکەوتووە ئەنجامی ١٥ کەسیان پۆزەتیڤ بووە و توشى کۆرۆنابوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، دوو حاڵەت لە ناوچەی رەسافەی بەغدا، چوار حاڵەت لە ناوچەی کەرخی بەغدا و دوو حاڵەت لە نەجەف و ، دوو حاڵەت لە موسەنا، چوار حاڵەت لە بەسرە و حاڵەتێکیش لە سلێمانی تۆمارکراون.

هاوکات، توشبووەکەی سلێمانی مەبەست لێی ئافرەتە تەمەن ٦٣ ساڵانەکەی دوێنێ شەوە.

تا ئێستا لەسەرتاسەرى عێراقدا ٢٠٨ حاڵەتى توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش ٤٩ کەس چاکبوونەتەوە و ١٧ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو حاڵەتانە و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، کۆی گشتی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمدا گەیشتووەتە ٤١ حاڵەت، بە جۆرێک ٣١ یان لە پارێزگای سلێمانييە، کە ١٣یان چاکبوونەتەوە و یەک حاڵەتى گیانلەدەستدان هەیە و نۆ توشبووش لە پارێزگای هەولێر و یەکێکیشیان لە پارێزگاى دهۆکە.