سەردێڕ:

عادل عەبدولمەهدی: قەدەغەی هاتوچۆ بەزەبری هێز جێبەجێدەکەین

مەترسییەکانی کۆرۆنا
فۆتۆ: 
2020-03-20

3354 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی فەرمانی کردووە بە هێزە ئەمنییەکان  بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بەزەبری هێز بەسەر ئەو سەردانکەرانەی شیعە کە لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە روو لە بەغدای پایتەخت دەکەن جێبەجێدەکەن.

عادل عەبدولمەهدی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، رێگە بە هاتنی سەردانکەران لە شار و شارۆچکەکان نادرێت بۆ بەغدا لە ماوەی قەدەغەی هاتوچۆدا، چونکە پێچەوانەی رێکارەکانی تەندروستییە، هاوکات رێگە بە گردبوونە نادرێت بەهەر هۆیەک بێت.

عەبدولمەهدی جەختی لە پابەندبوون بە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی کردووەتەوە و فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی کاربەڕێکەری عێراق راشیگەیاندووە، پێویستە هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت و هاووڵاتییان پابەندی تەواوی بڕیار و راسپاردەکانی شانەی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان بن، ئەمەش لە پێناو پاراستنی عێراق و عێراقییەکانە لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

عادل عەبدولمەهدی بەڵێنی ئەوەی داوە، هەرکەسێک سەرپێچی بڕیارەکان بکات سزای دارایی دەدرێت و ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەکاتی قەدەغەی هاتوچۆدا سەرپێچی دەکەن، دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە بەغدا لە کاتژمێر ٢٣:٠٠ی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە چووە بواری جێبەجێکردنه‌وه‌ و تاوەکو ٢٤ی ئازار بەردەوام دەبێت، بەڵام بێ رەچاوکردنی بڕیارەکە سەدان سەردانکه‌ری شیعە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ سەردانکردنی مەزاری ئیمام موسا بن جەعفەر کازم روویان لە بەغدا كردووه‌.

وا بڕیارە رۆژی شەممە هاوکاتە لەگەڵ کۆچی دوایی موسا بن جەعفەر کازم، ئیمامی حەوتەم لە ١٢ئیمامی شیعە و ساڵانە بەو بۆنەیەوە هەزاران کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراقەوە سەردانی مەزارەکەی دەکەن لە شاری کازمییە باکووری بەغدا.

 

‌بەپەلە