سەردێڕ:

​هاوپەیمانان لەسەر چۆڵکردنى بنکەکانیان لە عێراق ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2020-03-20

7347 جار خوێندراوەتەوە

هێزەکانى هاوپەیمانان رایانگەیاند، کشانەوەیان لە چەند بنکەیەکى سەربازى عێراق بەهۆى ئەوەوە بووە هێزە عێراقییەکان لە توانایاندایە ڕەوشەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و هاوکات مەترسییەکانى کۆرۆناش هۆکارێکى دیکەى کشانەوەیانە.

لە نوسراوێکى فەرمیدا هێزەکانى هاوپەیمانان هۆکارى کشانەوەى بەشێک لە و هێزانەیان لە عێراق ئاشکراکردووە و رایانگەیاندووە، هاوپەیمانان پێیانوایە دەتوانن لەڕێگەى ژمارەیەکى کەمتریشەوە بێت هاوکارى هێزە عێراقییەکان بکەن و پێویست بەو ژمارەیە ناکات لە ئێستادا لە عێراق بمێننەوە، چونکە بە وتەى هاوپەیمانان سوپاى عێراق دواى ئەو سەرکەوتنانەى لە شەڕى داعشدا تۆماریکردووە ئێستا لە توانایدایە ئاسایشى ناوچەکە بپارێزێت.

هاوکات، هاوپەیمانان هۆکارێکى دیکەى کەمکردنەوەى هێزەکانیان لە عێراق بۆ بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا دەگەڕێننەوە، کە بەهۆیەوە سوپاى عێراق خولەکانى ڕاهێنان و مەشقکردن و چالاکییە هاوشێوەکانى ڕاگرتووە، ئەوەش پێویستى سوپاکەى بە هێزە بیانییەکان کەمکردووەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند ڕۆژى رابردوودا هێزەکانى هاوپەیمانان ژمارەى سەربازەکانیان لە عێراق کەمکردەوە و لە چەند بنکەیەکى سەربازى وڵاتەکە کشانەوە.