سەردێڕ:

نرخى نەوت بەرزبووەوە

فۆتۆ: 
2020-03-20

12827 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆى لێدوانێکى دۆناڵد ترەمپەوە نرخى نەوت لەبازاڕەکانى جیهاندا بەرزبوونەوەیەکى ڕێژەیى بەخۆوە بینى و نرخى بەرمیلێک نەوتى برێنت لە ٢٥ دۆلارەوە گەیشتە ٣٠ دۆلار و ٤٢ سەنت.

شەوى رابردوو لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەوانیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەبارەى نرخى نەوتەوە رایگەیاند، " لەکاتى گونجاودا دەستوەردان لەو جەنگە نەوتییەدا دەکەن"، دواى ئەو لێدوانەش نرخى نەوت بۆ سەرو ٣٠ دۆلار بەرزبووەوە.

ترەمپ وتیشی، "ئەو جەنگە بۆ روسیا تێکشکێنەرە و بۆ سعودیەش باش نییە."

هاوکات، وەزارەتى وزەى ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردنى بەهەمهێنەرانى وڵاتەکەى دەیان ملیۆن بەرمیل نەوت دەکڕێت.

لە چەند رۆژى رابردوودا بەهۆى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و کێشەکانى نێوان وڵاتانى ئەندام لە ڕێکخراوى ئۆپیک و هاوکات ململانێ سیاسییەکانى نێوان ڕوسیا و سعودیە و چەند وڵاتێکى دیکەى ناوچەکە نرخى نەوت بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزى و نزیکەى %٣٠ى نرخەکەى لەدەستدا.

لە ئێستاشدا نرخى بەرمیلێک نەوتى برێنت بۆ ٣٠ دۆلار و ٤٢ سەنت و هاوکات نرخى بەرمیلێک نەوتى خاویش بۆ ٢٧دۆلار و ٩٥ سەنت بەرزبووەتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژى چوارشەممە، ١٨ی ئازاری ٢٠٢٠، نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جيهاندا بۆ ٢٥ دۆلار و بەرميلێک نەوتی خاوی ئەمريکيش بۆ٢١ دۆلار دابەزین، کە نزمترین ئاستیەتى لە ماوەى دوو دەیەى رابردوودا.