سەردێڕ:

وەزیری گواستنەوە: گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکان بەردەوام دەبن

فۆتۆ: 
2020-03-18

1883 جار خوێندراوەتەوە

ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا ڕایگەیاند، بڕیاری وەستانی گەشتە ئاسمانییەكانی عێراق، هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام تەنیا بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییانە و بۆ كاری بازرگانی بەردەوام دەبێت، فڕۆكەخانەكانیش كراوە دەبن و داناخرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ ی ئادارى ٢٠٢٠،  ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری حكومەتی عێراق بۆ داخستنی ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتە فڕۆكەوانییەكان، هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، ئەو بڕیارە تەنیا بۆ گەشتی هاتوچۆكردن و گەشتوگوزارە، بەڵام بۆ كاری بازرگانیكردن و هاوردەكردنی كەلوپەل گەشتەكانی فڕۆكەكان بەردەوام دەبێت، فڕۆكەخانەكان كاری خۆیان دەكەن و ناوەستن و بەردەوامدەبن لەكاری خۆیان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاسمانی عێراق لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆكەوانی لە ١٧ مانگ تا ٢٤ مانگ داخراوە بۆ فڕۆكەكانی، هاتوچۆی هاوڵاتییان و گەشتیاران كە سەردانی عێراق یان لە عێراق سەردانی وڵاتانى دیکە دەكەن و هەرێمی كوردستانیش بەهەمانشێوەیە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕۆژى ١١ ى ئەم مانگە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی ڕاگرت و راگرتنەش دیپلۆماتکاران و شاندە فەرمییەکان و گەشتەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ھاوپەیمانان ناگرێتەوە.