سەردێڕ:

​​عەدنان زورفی: لەماوەی یەکساڵدا هەڵبژاردن ئەنجامدەدەین

فۆتۆ: 
2020-03-18

2637 جار خوێندراوەتەوە

راسپێردراوی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لە ساتی پێکهێنانی حکومەتەکەیەوە، ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد لە ماوەی یەکساڵدا دەکات.

عەدنان زورفی، راسپێردراوی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، "هەوڵ بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد، پاک و بێ خەوش دەدەین."

باسی لەوەشکرد، کاردەکات بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی بەرگری عێراق بە جۆرێک هەمووان لەژێر دەستی دەوڵەتدا بن.

ئەوەشی وتووە، هەموو هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی سوپا ناهێڵێت و دەسەڵات بۆ دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە.

هاوکات، ئەمریکا لە رێی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەوە، پشتیوانی خۆی بۆ عەدنان زورفی دەربڕی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ عەدنان زورفی گەیشتە بینای سەرۆکایەتی کۆمار و لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت راسپێردرا.

عەدنان عەبد خزەیر عەباس زورفی  لە ساڵی ١٩٦٦ لە شاری نەجەف لە دایکبووە و  بەکالۆریۆسی لە کۆلیژی فقه زانکۆی کوفە تەواوکردووە و دواتر ماستەری لە هەمان زانکۆ تەواو کردووە.

ناوبراو لە ١٩٨٣ پەیوەندی بە حیزبی دەعوەی ئیسلامی کردووە  و لە  ماوەی ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٥  و دواتریش لە ٢٠٠٩ بووەتەوە  بە پارێزگاری نەجەف.

عەدنان عەبد خزەیر عەباس زورفی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسرە لە پەرلەمانی عێراق.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە دوای ئەوەی عەبدولمەهدی دەستى لەکارکێشاوەتەوە ناکۆکی لە نێوان لایەنەکان لەسەر کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دروستبووە و دوای ئەوەی لە ماوەى ڕابردوو عەلاوی سەرکەوتوو نەبوو لە پێکهێنانی حکومەت لە ئێستادا کەسێکى دیکە بۆ ئەو پۆستە کاندید کراوە.

هـ.ب

‌بەپەلە