سەردێڕ:

بەغدا.. حەوت توشبووی دیکەی کۆرۆنا تۆمارکرا

فۆتۆ: 
2020-03-16

3003 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستى رەسافەی بەغداد ڕایگەیاند، ئەمڕۆ حەوت توشبووی دیکەی کۆرۆنا تۆمارکراوە .

عەبدولغەنی سەعدون ساعدی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی رەسافەی بەغدا رایگەیاند، "پاش تۆمارکردنی ئەو حەوت حاڵەتە نوێیە، ژمارەی توشبووانی رەسافەی بەغدا بۆ ٢٢ کەس بەرزبووەوە".

راشیگەیاند، "لەو حەوت توشبووە چواریان پیاون و سیانەکەی دیکەشیان ژنن، تا ئێستاش هەشت کەس لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە و ئەوانەشی ماون لەژێر چاودێری تەندروستیدان".

باسی لەوەشكرد، "یەکێک لە توشبووەکان پیاوێکی تەمەن ٥٥ ساڵە کە بەر لە دوو هەفتە لە کەرکوک گەڕاوەتەوە، پاش دوو ڕۆژ لە گەڕانەوەشی نیشانەکانی نەخۆشییەکەی تیادا دەرکەوتووە، ئەوانی دیکەش ژنێکی ٥٢ ساڵ و ژنێکی دیکەی ٢٣ ساڵە کە هاوسەری کوڕی یەکێک لە توشبووەکانی پێشووە و دووگیانە".

دەربارەی توشبووەکانی دیکەش ڕوونیکردەوە، "پیاوێکی دیکەی ٥٠ ساڵ و ژنێکی دیکەی ٤٨ ساڵ توشی نەخۆشییەکە بوون، کە ژنەکە کچی یەکێک لە توشبووەکانی پێشووە، توشبوویەکی دیکەشیان پیاوێکە کە هێشتا هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەی تیادا دەرنەکەوتووە، توشبووی کۆتاییش پیاوێکی ٥٤ ساڵە".

ساعدی ئەوەشی خستووەتەڕوو، "تەندروستی رەسافە بەردەوامە لە چاودێریکردنی نەخۆشەکان و لە ئێستادا رێوشوێنی پێویست گیراونەتەبەر".

 ئەوەش لە کاتێکدایە، تا ئێستا ژمارەی توشبووان لە عێراقدا ١٣٥ کەسە و لەو ژمارەیەش ١٠ کەس گیانییان لەدەستداوە و ٣٧ کەسی دیکەش لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.

هـ.ئـ

‌بەپەلە