سەردێڕ:

ئەمریکا هێزی هەڵۆ تۆقێنەرەکان بۆ عێراق دەنێرێت

فۆتۆ: 
2020-03-15

17657 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا فیرقەی ١٠١ی مارێنزی سوپاکەی کە بە "هەڵۆ تۆقینەرەکان" ناسراوە دەنێرێتە عێراق.

ئاژانسی سپوتنیک لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، لە دوای هێرشەکانی سەر بنکەى سەربازى تاجى ئەمریکا فیرقەى ١٠١ى هێرشبەرى ئاسمانى دەنێرێتە عێراق بۆ ڕێگریکردن لە هەر هێرشێکى موشەکى کە بکرێتە سەر بنکە و بارەگاکانى هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو فیرقەیەى هێزى ئاسمانى ئەمریکا دەچنە یەكێك لە بنكە سەربازییەكانی عێراق و لەشوێنى ئەو کۆمپانیا ئەمنییانە کاردەکەن کە لە ئێستادا ئەرکى پاراستنى بنکەکانیان لە ئەستۆدایە.

بەپێى ئاژانسەکە، لە ئێستادا هێزێکى دەریایى مارێنزى ئەمریکا لە بنکەیەکى سەربازیدان لە کەنداوى عەرەبى و بڕیارە لەگەڵ فیرقەى ١٠١ بگەنە عێراق، بێ ئەوەى ئاماژە بە شوێنى ئێستاى ئەو هێزە دەریاییە بکرێت.

هێزى هەڵۆ تۆقێنەرەکان

هێزێکى هێرشبەرى ئاسمانى بێ وێنەیە لەسەر ئاستى جیهان، کە لە توانایدایە زۆر بەخێرایى بەهەزاران سەرباز لە شوێنى شەڕکردن بڵاوە پێبکات، ئەمریکا ئەو هێزەى لە جەنگى کەنداودا لە دژى عێراق لە نەوەتەکانى سەدەى رابردوودا بەکارهێناوە.

ناردنى ئەو هێزە ئەمریکییە دواى چەند کاتژمێرێک لە بۆردومانکردنى بنکەى سەربازى تاجی دێت کە لەلایەن چەند گروپ و لایەنێکی چەکدارەوە بە ٣٣ موشەکی جۆرى کاتیۆشا کرایە ئامانج کە بنکەکە جگە لە سوپاى عێراق هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانانیشى تێدایە.

‌بەپەلە