سەردێڕ:

عێراق.. دوو حاڵەتى نوێی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکرا

فۆتۆ: 
2020-03-14

9908 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستيی بەغدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دوو حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە دوو ژنن تۆمارکرا.

عەبدولغەنی ساعدی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی رەسافەی بەغدا ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، نەخۆشخانەی زەعفەرانییە پێشوازی لە نەخۆشێکی ژنی دانیشتوی ناوچەکە کردووە کە پلەی گەرمی لەشی بەرزبووە و ھەناسەی توندبووە.

 ئاماژەی بەوەکردووە، نەخۆشەکە نیشانەکانی کۆرۆنای تێدا دەرکەوتووە، پێشتر لەگەڵ خوشکێکیدا نزیکبووەتەوە کە لە ئێران گەڕاوەتەوە.

 باسی لەوەشکردووە، دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان و دەرکەوتنی ئەنجامەکانی دەرکەوتووە توشی کۆرۆنا بووە و بۆ نەخۆشخانەی ئەبی خەتیب گوازراوەتەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر و تەندروستی جێگیرە.

 بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی رەسافە ڕاشیگەیاند، نەخۆشی دووەم تەمەنی ٧٢ ساڵ بووە و دانیشتوی گەڕەکی بەیاع بووە و سەردانی نەخۆشخانەی کەندی کردووە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای پشکنین بۆی دەرکەوتووە پلەی گەرمی لەشی زۆر بەرزبووە لەگەڵ کۆکە و ڕشانەوە، دواتر بەدواداچوون بۆ نەخۆشەکە، دەرکەوتووە بەر لەدوو ھەفتە لە ئێران گەڕاوەتەوە، پشکنینی تاقیگەیی بۆ کرا و  ئەنجامەکانی پۆزەتیف بووە و توشی کۆرۆنابووە، لەگەڵ ئەوەشدا نەخۆشی شەکرە و پەستانی خوێنی ھەبووە و رەوانەی نەخۆشخانەی ئەبی خەتیب کراوە بۆ وەرگرتنی چارەسەرە پێویستییەکان.

 ئەوەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا لە عێراقدا ١٠١کەس توشبوون کە ٢٤ یان چاکبوونەتەوە و ١٠کەسیش گیانیان لەدەستداوە.