سەردێڕ:

بەغدا.. سەربازگەی تاجی ئەمریکییەکان بە موشەک بۆردومان کرا

سەربازگەی عەین ئەسەد
فۆتۆ: ئەرشیف
2020-03-14

17649 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانى عێراق بڵاویانکردووەتەوە، سەربازگەى تاجى ئەمریکییەکان لە باکورى بەغدا بەموشەکی کاتیۆشا بۆردومان کرا و بەو هۆیەوە دوو سەربازى عێراقی برینداربوون.

ئەمڕۆ شەممە، ١٤ی ئازاری ٢٠٢٠، بۆ دووەمجار لە ماوەی هەفتەیەکدا، بە موشەکی کاتیۆشا، هێرش کرایەسەر بنکەی سەربازی تاجی ئەمریکییەکان و بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق، زیاتر لە ١٠ موشەک لە ناو بنکەکەدا کەوتونەتە خوارەوە.

هاوکات، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیان، بەهۆى کەوتنەخوارەوەى موشەکەکانەوە دوو سەربازى هێزى ئاسمانى عێراق برینداربوون.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، شەوی چوارشەممەی رابردوو لە هێرشێکی موشەکیدا بۆ سەر سەربازگەکە دوو سەربازی ئەمریکا و سەربازێکی بەریتانی کوژران.

ئەمریکا حزبوڵای عێراقی بەو هێرشە تۆمەتبارکردووە و بەرەبەیانی رۆژی هەینی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا پێنج بنکە و بارەگای حەشدی شەعبیان لە پارێزگاکانی نەجەف، کەربەلا و بابل کردە ئامانج.

بەپێی راگەیەنراوێکی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەو هێرشانەی ەئمریکادا سێ سەربازی سوپا، دوو پۆلیسی فیدراڵی و کرێکارێک کە لە فڕۆکەخانەی کەربەلا کاری دەکرد کوژراون و ١٢ کەسیش برینداربوون.