سەردێڕ:

عێراق ١١٢ منداڵى داعشى رەوانەى ئازربایجان کردەوە

فۆتۆ: 
2020-03-13

1685 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتى عێراق ١١٢ منداڵى داعشى رەوانەى وڵاتى ئازربایجان کردەوە کە لەگەڵ دایکیاندا لەبەندینخانەکاندا بوون.

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژى وەزارتى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، ئەو منداڵانە رەگەزنامەى ئازربایجانیان هەیە و لەگەڵ دایکیاندابوون، کە دایکیان لەلایەن دادگاکانى عێراقەوە بەتۆمەتى بوون لە ریزکانى داعشدا سزادراون.

سەحاف وتیشى، بە ئامادەبوونى نوینەرى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى و نوینەرى باڵیۆزخانەى ئازربایجان  پرۆسەى ناردنەوەی منداڵەکان جێبەجێکراوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، تائێستا ٩٤٠ منداڵى داعش لە رەگەزنامەى جیاوازى وڵاتانى بیانى رەوانەى وڵاتەکانیان کراونەتەوە، کە ٢٤٨ یان بۆ ئازربایجان بووە.

لە ماوەى شەڕى نێوان ساڵانى (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧)ى حکومەتى عێراق لەگەڵ چەکدارانى داعش، زیاتر لە هەزار چەکدار و لایەنگرى داعش لە لایەن دەسەڵاتدارانى عێراقەوە دەستگیرکران کە بەشێکیان چەکدارى بیانى بوون.

ئەو چەکدارانەى داعشیش لەلایەن دادگاکانى عێراقەوە بە مادەى ٤ى تیرۆر دادگایى دەکرێن و ئەوانەى کردەوەى تاوانکاریان بەسەردا ساغ بێتەوە سزاى لەسێدارەدانیان بەسەردا دەدرێت و ئەوەش کە بە هاندان یان پلان دارێژەر بەشدارى کردبێت هەمان سزاى بەسەردا دەدرێت.