سەردێڕ:

عێراق.. سەرجەم نوێژە بەكۆمەڵەكان ڕگیران

فۆتۆ: 
2020-03-12

1586 جار خوێندراوەتەوە

هەردوو دیوانی وەقفی شیعی و سونی لە عێراق لەپێناو ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرجەم نوێژە بەكۆمەڵەكانیان ڕاگرت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە دیوانی وەقفی سوونە لە عێراق، وەک هەنگاوێک بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا(COVID-19)، فەتوای دا بە هەڵپەساردنی ئەنجامدانی نوێژی هەینی لە سەرجەم مزگەوتەکاندا.

لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بەو پێیەی کۆرۆنا نەخۆشییەکی گوازراوەیە و بڵاودەبێتەوە، و بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، کۆبوونەوە و گردبوونەوەکان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، بۆیە بەپێی شەرع ئاساییە نوێژی هەینی لە مزگەوتەکان نەکرێت و تەنها نوێژی نیوەڕۆ لە ماڵەوەدا بکرێت".

هاوکات، مەرجەعییەتی ئاینی لە كازمییەی بەغدا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، تا كاتێكی نادیار نوێژە بەكۆمەڵەكانیان لەسەرجەم مزگەوتەكانی عێراقدا بە مەرقەدی كازمییەشەوە ڕاگرتووە، هەرچەندە پێشتریش عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان نوێژی هەینی لە كەربەلا ڕاگرتبوو، بەڵام شوێنكەوتووانی مەزهەبی سوننەی عێراق و هەندێك لە شیعەكانیش بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی نوێژە بەكۆمەڵەكان.

ئەوەش لە كاتێكدایە، بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بە رەزامەندی لیژنەی فەتوا و یەكێتی زانایانی ئاینی هەرێم ماوەی دوو هەفتەیە سەرجەم مزگەوتەكان داخراون.

بەپێى دواین ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى عێراق، تائێستا ٨٣ حاڵەتى توشبوون و هەشت حاڵەتى گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا تۆمارکراوە و ٢٤ کەسیش چاکبوونەتەوە.

‌بەپەلە