سەردێڕ:

عێراق.. شەش حاڵەتی دیكەی توشبوون بە كۆرۆنا تۆماركرا

٢٤ کەس چاکبوونەتەوە
فۆتۆ: 
2020-03-12

7968 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەى عێراق شەش حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناى لە بەغدا و نەجەف راگەیاند و بەوەش ژمارەى توشبووان لە عێراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە گەیشتە ٨٣ حاڵەت.

ئەمڕۆ ١٢ی ئازارى ٢٠٢٠، وەزارەتی تەندروستى و ژینگەى عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ١١١ کەس کە گومانى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنایان لەسەر بوو لە سەرجەم پارێزگاکانى عێراق دواى دەرچوونى ئەنجامى پشکنینەکانیان دەرکەوت شەش کەسیان توشبووی کۆرۆنان.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، پێنج حاڵەتى توشبوون لە بەغدا و حاڵەتێکیش لە نەجەف تۆمارکراون و ژمارەى ئەوانەى کە چاکبوونەتەوە بۆ ٢٤ کەس بەرزبووەوە و هەشت کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتەکە ڕاشیگەیاندووە، دەزگا تەندروستییەکانی عێراق بە تەواوی پابەندن بە ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستى جیهانی و بە بەردەوامی چاودێری دۆخی توشبووەکانی دیکەش دەکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، تا ئێستا لە عێراق ٨٣ کەس توشبوون بە کۆرۆنا، کە ١٩ حاڵەتیان لە هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون، کە ١١ توشبوویان لە سلێمانین و یەکێکیان گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەیان چاکبووەتەوە، هەشت حاڵەتیش لە شاری هەولێرە.