سەردێڕ:

وەزیری پەروەردەی عێراق لەبارەی ئینتەرنێتەوە داوایەك لە حكومەت دەكات

سوها خەلیل، وەزیری پەروەردەی عێراق
فۆتۆ: 
2020-03-12

12716 جار خوێندراوەتەوە

لە پێناو گەیاندنى وانەکان بۆ خوێندکاران لەڕێگەى ئینتەرنێتەوە، وەزیرى پەروەردەى عێراق داواى لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کردووە خزمەتگوزارى ئینتەرنێت خێراتر بکرێت و بە بێ بەرامبەریش بۆ هاوڵاتیان دابین بکرێت.

دواى ئەوەى ماوەى چەند هەفتەیەکە دەوامى خوێندن لە ناوەندەکانى سەر بە هەردوو وەزارەتى پەروەردە و خوێندنى باڵا بەهۆى مەترسى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناوە ڕاگیراوە، ئەمڕۆ سوها خەلیل وەزیرى پەروەردەى عێراق داواى لە حکومەت و وەزارەتى گەیاندن کردووە، بۆ ئەوەى خوێندکاران لە ڕێگەى تۆڕەکانى ئینتەرنێتەوە و بەشێوەى ئۆنڵاین ئاگادارى وانەکانیان بن و لە پەیوەندیدا بن لە گەڵ خوێندنگا و ناوەندەکانى خوێندندا، پێویستە هێڵەکانى ئینتەرنێت جگە لە خێراترکردنیان بشکرێن بە خۆڕایى، بۆئەوەى دایک و باوکانى خوێندکاران لەم بارودۆخە هەستیارەدا خەرجى ئینتەرنێتیش نەکەوێتە سەر شانیان و خویندکاران بەئاسانى سود لەو خزمەتگوزارییە وەربگرن.

وەزیرى پەروەردە ئامادەیى وەزارەتەکەشى بۆ هاوکاریکردنى وەزارەتى گەیاندن دەربڕێوە و ئاماژەى بەوەکردووە، پەروەردە ئامادەیە چەند لیژنە و تیمێکى خۆى بنێرێت بۆ هاوکاریکردنى وەزارەتى گەیاندن بۆ ئەنجامدانى ئەو بابەتە.

ئەم داوایەى وەزیرى پەروەردەى عێراق لەکاتێکدایە، بەهۆى مەترسى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناوە نزیکەى دوو هەفتەیە ناوەندەکانى خوێندن داخراون، لە ئێستاشدا باس لە سودوەرگرتن لە هێڵى ئینتەرنێت و خوێندنى ئۆنڵاین دەکرێت بۆ خوێندکاران، ئەوەش لە پێناو زیاتر دوانەکەوتنى پرۆسەى خوێندنى ئەمساڵ و تەواکردنى خوێندن پێش هاتنى وەرزى گەرما.