سەردێڕ:

وەزیرى دارایى عێراق روونکردنەوە لەسەر موچەى فەرمانبەران دەدات

فۆتۆ: 
2020-03-10

79995 جار خوێندراوەتەوە

فوئاد حسێن، وەزیرى دارایى عێراق رایگەیاند، دابەزینى نرخى نەوت کاریگەرى خراپى بۆ سەر بارى دارایى حکومەت دەبێت، داهاتى نەوت کەم دەبێتەوە، بەڵام کارناکاتە سەر موچەى فەرمانبەران و لە کاتى خۆیدا دابەشدەکرێت.

فوئاد حسێن، جیگرى سەرۆک وەزیرانى عێراق و وەزیرى دارایى لە بەرنامەیەکى کەناڵى شەرقییە رایگەیاند، لەسەدا ٩٠ى بودجەى عێراق پشت بە داهاتى نەوت دەبەستێت، بۆیە دابەزینى نرخى نەوت بۆ نزمترین ئاستى کاریگەرى خراپى بۆسەر دۆخى دارایى و ئابورى عێراق دەبێت بە گشتى.

وتیشى، لە ئێستادا کە عێراق بە دۆخێکى ناجێگیردا دەڕوات، لەلایەک بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، لەلایەک پێکنەهێنانى حکومەتى نوێ و ململانێى لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوەشدا دەیان کۆمپانیاى وەبەرهێنەر کارەکانیان ڕاگرتووە بەهۆى وەرنەگرتنى شایستە داراییەکانیان، هەروەها کاریگەرى خراپى لەسەر بودجەش دەبێت و کورتهێنان زیاتر دەبێت.

لەبارەى هەڵوێستى حکومەت لەسەر دابەزینى نرخى نەوت، فوئاد حسێن ئاماژەى بەوەکرد، حکومەت دەبێت کار بۆ ئەوە بکات پشت بە داهاتى بەدەر لە نەوت ببەستێت و ژێرخانى ئابورى وڵات باش بکات و رێکارى نوێ  بگرێتەبەر، بۆ ئەوەش کات و باشبوونى دۆخى ئەمنى دەوێت.

ئەوە لە کاتیکدایە، وتەبێژى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران بەردەوامدەبێت و هیچ کێشەیەک لە دابەشکردنى موچەدا نییە.

دوێنێ نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیھاندا بۆ نزمترین ئاستى دابەزى و بە ٣١ دۆلار و  ٣٨ سەنتە و ئەوەش بەهۆى رێکنەکەوتنى وڵاتانى ئەندام لە ئۆپیک و دەرەوەى ئۆپیک بۆ دابەزاندنى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت بۆ روبەڕوبوونەوەى ئەو قەیرانەى بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە ڕووى لەبازاڕى نەوتى جیهان کردووە، بەتایبەتى روسیا و سعودیە کە گەورەترین بەرهەمهێنەرى نەوتن لە دواى ئەمریکا لە جیهاندا.


‌بەپەلە