سەردێڕ:

ئەمڕۆ ئیمزا لەسەر رێکەوتنى نێوان تاڵیبان و ئەمریكا دەکرێت

فۆتۆ: 
2020-02-29

3043 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ لە دەوحەى پایتەختى قەتەڕ ئیمزا لەسەر رێکەوتنى مێژووی نێوان رێکخراوى تاڵیبان و ئەمریكا بکرێت.

میدیاکانى ئەمریکا بڵاویانکردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، ٢٩ى شوباتى ٢٠٢٠، لە دەوحە مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و ژمارەیەک لە سەرکردەکانى تاڵیبان رێکەوتنى مێژووی نێوان رێکخراوى تاڵیبان و ئەمریكا ئیمزا بکرێت.

پیشتر سیراجەدین حەقانى، جێگری سەركردەی رێكخراوی تاڵیبانی ئەفغانستان بە رۆژنامەى نیویۆرك تایمزى ئەمریکى راگەیاندبوو بەرپرسانى تاڵیبان بە تەواوى پابەندى رێکەوتنەکەن و رێزى لێدەگرن.

راشیگەیاندبوو، "هەڵویستى ئەمڕۆمان لەسەر رێکەوتنى ئاشتى، لەگەڵ ئەمریکا تەنها دەستکەوتێکى بچوک نییە".

وتیشى، "بەرجەستەکردنى رێکەوتنەکە بە تەواوى و گرەنتى سەرکەوتنى و بەردەوامیدان بە پرۆسەى ئاشتى، پشت بەلایەنى ئەمریکا دەبەستێت کە تا چەند رێز لە رێکەوتنەکە دەگرێت و پابەندى دەبێت".

دوپاتیشیکردەوە، یەکێک لە خاڵەکانى رێکەوتنەکە، " کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکایە لەو وڵاتە و هەروەها لایەنگرانى تاڵیبان رێگرى دەکەن لە هاتنى گروچە چەکدارییە توندڕەوییەکان بۆ ئەفغانستان تا لە بەرژەوەندییەکانى وڵاتانى دەرەوە بدەن".

هاوکات، وتەبێژى تاڵیبان رایگەیاند، بەپێى رێکەوتنەکە حکومەتى ئەفغانستان پێنج هەزار چەکدارى دەستگیرکراوى تاڵیبان ئازاد دەکات و لەبەرامبەردا تالیبان هەزار چەکدارى حکومەت ئازاد دەکات. 

لە ساڵى ٢٠٠١ وە شەڕ و پێکدادان لە نێوان رێکخراوى تاڵیبان و ئەمریکا لەلایەک و تاڵیبان لەگەڵ حکومەتى ئەفغانستان لەلایەکى تر دەستیپێکردووە و بەهۆیەوە هەزاران کەسى مەدەنى کوژراون.

تاڵیبان لە کۆى ٤٠٧ یەکەى ئیدارى، ٥٩ یەکەى ئیدارى بەدەستەوەیە و لەگەڵ ئەوەشدا لە ١١٩ یەکەى ئیدارى دیکەش ژمارەیەکى زۆر لایەنگرى هەیە.

ب.ب