سەردێڕ:

ترەمپ و ئەردۆغان لەسەر ئیدلیب پەیوەندییەکیان ئەنجامدا

فۆتۆ: 
2020-02-29

6800 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، ترەمپ و ئەردۆغان لەسەر دۆخی ئیدلیب پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و تێیدا، هەردووکیان هاوڕابوون لەسەر وەستاندنی راستەوخۆی هێرشەکانی سوپای سوریا بۆ سەر ناوچەکە.

جود دیری، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، "ترەمپ جارێکی دیکە پشتیوانی خۆی بۆ تورکیا دەربڕیوە و داوایکردووە دۆخەکە نەگاتە بەرپابوونی قەیرانی مرۆیی."

راشیگەیاند، "هەردوو سەرۆکەکە هاوڕابوون لەسەر وەستاندنی ئەو گرژیی و ئاڵۆزییەی کە لەلایەن رژێمی سوریا بە پشتگیری روسیا و ئێران ئەنجامدەدرێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ترەمپ بە ئەردۆغانی وتووە کە پێش ئەوەی خەڵکە بێتاوان و مەدەنییەکان بکوژرێن و ئاوارەبکرێن، دەبێت ئەو شەڕ و ئاڵۆزییە بووەستێنرێت."

ئەمەش دوای ئەوەدێت، شەوی رابردوو کاروانێکی سوپای تورکیا لەلایەن سوپای سوریای ئەسەدەوە بۆردومانکرا و تێیدا، ٣٤ سەربازی ئەو وڵاتە کوژران، لە بەرامبەریشدا، تورکیا جگە لە وەڵامی سەربازیی رایگەیاند، کە سنورەکانی بە رووی کۆچبەراندا بەرەو ئەوروپا دەکاتەوە.

هـ.ب