سەردێڕ:

عێراق.. سەرۆکهۆزێک و هاوسەرەکەی لە زیقار کوژران

فۆتۆ: 
2020-02-28

4974 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەکی ئەمنیی رایگەیاند، سەرۆکهۆزێک و هاوسەرەکەی لە پارێزگای زیقار باشووری عێراق لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراو کوژران.

ئەفسەرێک لە پۆلیسی زیقار رایگەیاند، ژمارەیەک چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی شێخ عەبد ساحب سەعدون سەرۆکهۆزی ئال حەمید لە قەزای قەلعە سوکەر باکووری پارێزگای زیقار.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، چەکدارەکان لە رێگەی ئامێرێکی تیژەوە کە پێدەچێت چەقۆ بێت، سەعدون و هاوسەرەکەیان سەربڕیووە.

سەرچاوەکە ئەوەیشی روونکردەوە، کە دوای رووداوەکە چەکدارەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون و لێکۆڵینەوەش لەبارەی رووداوەکە دەستی پێکردووە.

لە لای خۆیەوە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن کەعبی رایگەیاندووە، ئامانج لەو رووداوە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیرییە لە پارێزگای زیقار.

حەسەن کەعبی لە راگەیەنراوێکدا داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە پەلە بکەن لە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە و ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی.

کەعبی رووداوەکەی بە مەترسیدار ناوبردووە و رایگەیاندووە، نابێ ئەو رووداوە بەبێ سزادانی ئەنجامدەرانی تێپەڕێت.