سەردێڕ:

دوایین پێشهاتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا

فۆتۆ: 
2020-02-28

10982 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی تەندروستیی جیهان رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی پەتاکە فراوانتر دەبێت و لە چینیش کەمترین حاڵەتی توشبوون، بە بەراورد بە یەک مانگی رابردوو، تۆمارکرا.

کریستیان لیندمێیر، وتەبێژی رێکخراوی تەندروستیی جیهان رایگەیاند، "ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە چەندین وڵاتی دیکە و ئەوەش ئەگەری بڵاوبوونەوەی بە هەموو جیهاندا زیاتر دەکات و بڵاوبوونەوەی پەتاکە فراوانتر دەبێت."

ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزیش بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چین لەوەتەی ٢٣ی مانگی رابردووەوە کەمترین حاڵەتی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکردووە کە ٣٢٧ حاڵەتی نوێن و لە ئێستادا مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە دەرەوەی چیندا زیاترە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سێ لە گەورەترین هێڵەکانی گەشتیاریی چین چەند گەشتێکی نێودەوڵەتیان دەستپێکردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەرپرسانی شاری جنێف لە سویسرا گەورەترین پێشەنگای ئوتومبێلی ساڵانەی راگرت کە ساڵی  رابردوو، بەهۆی بەڕێوەچوونیەوە، نزیک بە ٦٠٠ هەزار سەردانکەری هەبووە.

میدیاکانی ئێرانیش بڵاویانکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کۆرۆناوە لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە بۆ٣٤ کەس و توشبوونیش بۆ ٣٨٨ کەس بەرزبووەتەوە.

لە عێراقیشدا، تا ئێستا شەش حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە کە پێنجیان لە پارێزگای کەرکوکدان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی نوێترین ئامار، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە سەرانسەری دنیادا بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ دوو ھەزار و ٨٦٧ کەس و توشبوونیش بۆ ٨٣ ھەزار و ٧٣٤ کەس بەرزبووەتەوە، تا ئێستاش ٣٦ ھەزار و ٤٣٩ کەس چاکبوونەتەوە.

هـ.ب