سەردێڕ:

​بی بی سی: بە لایەنی کەمەوە ٢١٠ کەس لە ئێران بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە

فۆتۆ: 
2020-02-28

8626 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، سەرچاوەیەکی تایبەت لە کەرتی تەندروستیی ئێرانەوە پێی راگەیاندووە، تا ئێستا بەلایەنی کەمەوە ٢١٠ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، سەرچاوەکە هەواڵی ناوەندە حکومییەکانی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ژمارەی مردن و توشبوون بەهۆی ڤایرۆسەکەوە زۆر لەو ئامارە زیاترە کە حکومەت بڵاویکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، زۆرینەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە و توشی ڤایرۆسەکە بوون دەکەونە شارەکانی تاران و قومەوە.

ئەوەش هاتووە، لە تاران زیاتر لە ١٠٠ کەس و لە قومیش زیاتر لە ٨٠ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

لەبەرامبەردا، کیانوش جەهانپور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئەم هەواڵەی بی بی سی رەتکردەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە بریتییە لە ٣٤ کەس و توشبووانیش ٣٨٨ کەسن.

پێشتر مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئێران زانیارییەکان لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە دەشارێتەوە.

هـ.ب

‌بەپەلە