سەردێڕ:

فازڵ میران: مامەڵە لەگەڵ ئەو کوردانەدا ناکەین کە لە حکومەتی نوێی عێراقدا دادەنرێن

فۆتۆ: 
2020-02-28

3651 جار خوێندراوەتەوە

هەنگاو بە هەنگاو کابینەى نوێی حکومەتى عێراق نزیکدەبێتەوە و بەشێک لە حزبە سەرەکییەکانى هەرێمى کوردستان نارازین لە شێوازى هەڵبژاردنى کەسەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان، کە رەنگە ئەوەش دۆخى کورد بخاتە قۆناغێکى نوێوە لە عێراقدا.

وەک بارەگاى بارزانى بڵاویکردووەتەوە، ئەو شێوازەى محەمەد تۆفیق عەلاوى دەیەوێت حکومەتەکەى پێ پێکبهێنێت، دەبێتەهۆی قووڵتربوونی قەیرانە سیاسییەكانی عێراق و هەروەها  بارزانى تێبینى لەسەر شێواز و بەرنامەی كاری عەلاوی و میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدەكان هەیە بۆ پۆستە وەزارییەكان، چونکە ئەو شێواز و میكانیزمە، ڕەچاوی ماف و داواكاریی پێكهاتەكان و تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان ناكات.

راگەیەنراوەکەى بارەگاى بارزانى لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک پێش ئێستا موقتەدا سەدر لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا بە جیا دوو پەیامى بۆ بارزانى وەک سەرۆکى پارتى و شاسوار عەبدولواحید وەک سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ نارد.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەدر وتى لە کوردستاندا تەنها پارتى و یەکێتى بوونیان نییە، بەڵکو هێزى تری وەک نەوەى نوێش بوونى هەیە، ئەمەش لەشەقامى عێراقى و کوردستانیدا ئەوەى ئاشکراکرد کە عەلاوى و لایەنەکانى ترى عێراق، بانگهێشتى نەوەى نوێیان کردووە بۆ بەشداریکردن لە کابینە وەزاریەکەدا.

دواى هاتنە سەر هێڵى بارەگاى بارزانى و بڵاوکردنەوەى راگەیەندراوەکە، فازڵ میرانى سکرتێرى مەکتەبى سیاسیىى پارتی بۆ دەنگى ئەمریکا دەڵێت، "ئەوان مامەڵە لەگەڵ ئەو کوردانە ناکەن کە لە برى ئەوان لە حکومەتى نوێی عێراق دادەنرێن"، چونکە وەک فازڵ میرانى دەڵێت، ئەو کەسانە ناتوانن نوێنەرى کورد بن، بەڵکو دەتوانن بۆخۆیان فەرمانبەر بن، بەڵام بە نوێنەرى خۆیان قبوڵیان ناکەن.

 میرانی باس لەوەشدەکات، لە کۆبونەوەى سەرۆکایەتى هەرێم  لەگەڵ کەسى یەکەمى لایەنە سیاسییەکان کە ٢٤ى ئەم مانگە لە هەولێر بەرێوەچوو، رەخنەى گرتووە لە پەرلەمانتارەکانى دەرەوەى پارتى و یەکێتى و وتوویەتى، هەندێک لە نوێنەرى حزبەکان دەڵێن ئەوان لە بەغدا موچە و بودجەیان بۆ هەرێم دابینکردووە و پارتى و یەکێتیش لە پێناو دابینکردنى پۆستى وەزارەت لە بەغدا ماونەتەوە، وەک میرانى دەڵێت لە کۆبونەوەکەدا وتوویەتى، "پارتى و یەکێتى نەبێت، ئەوا نە ئێوە موچە وەردەگرن و نەکەسیش رێزتان لێدەگرێت".

لەبەرامبەر هەموو ئەمانەدا، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ پێشتر لەتویتێکدا رایگەیاندووە، "پشتیوانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەكەن، كە نوێنەرایەتی داواكارییەكانی خەڵك بكات و دووربێت لە كاندیدە حیزبییەكان بە حزبە كوردیییەکانیشەوە"، ئەمەش وا لێکدەدرێتەوە کە نەوەى نوێ بەشدارى لەپێکهێنانى ئەو حکومەتەدا ناکات، بەڵام تائێستا جوڵانەوەکە بە فەرمى هەڵوێستى خۆى لە بارەى حکومەتى نوێی عێراقەوە رانەگەیاندووە.

زەقبوونەوەى دوو هەڵوێستى جیایی ناو هەرێم لەسەر حکومەتى نوێی عێراق دواى ئەوەهات، کە موقتەدا سەدر دوو پەیامى جیاوازى بۆ هەرێمى کوردستان نارد، پێشتریش سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاندبوو، پەیامەکەى سەدر ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە لە ئێستادا لەناو هەرێم و دەرەوەی هەرێم دوو ئاراستە هەیە، ئاراستەی بارزانی و پارتی کە سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی جاران و فراکسیۆنە کوردییەکان دەکات لە بەغدا (کە سەرجەم حیزبە کوردیەکان لە خۆ دەگرێت جگە لە "نەوەی نوێ")، وە ئاراستەی دووەم "شاسوار عەبدولواحید" و نەوەی نوێیە.