سەردێڕ:

پەرلەمان داواكارییەکانى خۆپیشاندەرانى هەرێمی رەوانەی حكومەت كرد

فۆتۆ: 
2020-02-27

3690 جار خوێندراوەتەوە

دواى نزیکەى پێنج رۆژ لە خۆپیشاندانەکانى بەشێکى هاوڵاتیان لە شارەکانى هەرێمى کوردستان، نوسراو رەوانەى ئەنجومەنى وەزیران کرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داواکارییەکانى خۆپیشاندەران.

دوو رۆژ دواى خۆپیشاندانەکەى رۆژى شەممەى ٢٢ى ئەم مانگە، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان لە نوسراوێکدا داواى لە سەرۆکایەتى پەرلەمان کرد کە داواکارییەکانى خۆپیشاندەران بگەیەننە ئەنجومەنى وەزیران.

 لە نوسراوەکەى کازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێدا هاتووە، داواکارن ئاگاداریان بکەنەوە لە جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان و هەروەها هۆکارى جێبەجێنەکردنى هەر یەکێک لەو خاڵانەى کە خۆپیشاندەران داوایان کردووە ئەگەر نەکرا.

لە بەرامبەردا دواى سێ رۆژ لە داواکارییەکەى فراکسیۆنى نەوەى نوێ، سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان بە ئیمزاى هێمن هەورامى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان، نوسراوى ئاراستەى ئەنجومەنى وەزیران کردووە بۆ دیراسەکردنى داواکارى خۆپیشاندەرانى سەرجەم شارەکانى هەرێمى کوردستان.

جێی ئاماژەیە، رۆژى شەممەى رابردوو دژى ناعەدالەتى و نەبونى خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، بەشێک لە هاوڵاتیان بەشێوەى جیاواز خۆپیشاندانیان کرد و لە شەش خاڵدا داواکارییەکانیان خستەڕوو.

داواکاریی خۆپیشاندەران بریتی بوون لە:

یەکەم. چارەسەرکردنی دەستبەجێی کێشەی سوتەمەنیی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی، وەک کارەبا، نەوت، غاز و ئاو و تادوایی، چونکە دەبێت ئەولەویەتی کاری دەسەڵات بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵک بێت، نەک بۆ کۆمپانیاکانی دەسەڵات.

دووەم. دۆزینەوەی هەلی کار و دامەزراندنی گەنجان و بێکاران و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، هەروەها دامەزراندنی فەرمانبەری کاتی و مامۆستای گرێبەست و خۆبەخشەکان بە شێوەی هەمیشەیی.

سێیەم. دەستبەجێ هەڵگرتنی باج و بارگرانیی لەسەر دوکانداران و کاسبکاران.

چوارەم. دەستبەجێ هەموارکردنەوەی یاسای چاکسازیی، بەجۆرێک کەمترین موچەی خانەنشینیی کەمئەندامان و هاوڵاتیان ٥٠٠ هەزار بێت، و موچەی پلەباڵاکانی وەکو پەرلەمانتار و وەزیر و کەسە حیزبییەکان هەڵبوەشێتەوە.

پێنجەم. دەستبەجێ پێکهێنانی لیژنەیەک لە یاساناسان و خەڵکانی تایبەتمەند لەنێو جەماوەر و هاوڵاتیانی کوردستان کە لە داهاتی نەوت، خاڵەسنوورییەکان و ناوخۆ بکۆڵێتەوە، پێویستە بزاندرێت ئەو داهاتە چەندە و چۆن خەرج دەکرێت.

شەشەم. دەستبەجێ دانانی ئالییەتێک بۆ گێڕانەوەی موچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران، بەجۆرێک کە هەر فەرمانبەرێک مانگانە لەسەروو موچەکەیەوە بڕێک لە پاشەکەوتەکەی وەربگرێتەوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە، بۆ یەکەمجارە لە کابینەى نۆیەمى حکومەتدا، خۆپیشاندان بەو رێژەیە و لەهەمانکاتدا لە چەند شارێک ئەنجام بدرێت، و بەو شێوازەش مامەڵە لەگەڵ داواکاریی خۆپیشاندەران بکرێت و بەفەرمی داواکانی خۆپیشاندەران بەرزبکرێنەوە بۆ ئەنجومەنى وەزیران، کە بەشێک لە هاوڵاتیان چاوەڕوانی ئەنجام دەکەن، بەڵام بەشێکی تری هاوڵاتییان پێیان وایە ئەم جۆرە خۆپیشاندان و نارەزایی دەربڕینە سودی نییە.

لە بەرامبەریشدا جوڵانەوەى نەوەی نوێ وەک پێشتر رایگەیاندووە، خۆپیشاندان و نارەزایەتی دەربڕین زۆر باشترە لە بێدەنگبوون، فشار بۆ سەر دەسەڵات دروست دەکات و قۆناغ دوای قۆناغ و بە پێی بەردەوامبوون و کۆڵنەدان، فشارەکان زیاتر دەبن.

هاوكات، جوڵانەوەکە ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر وەڵامی هاوڵاتیان و خۆپیشاندەران نەدرێتەوە، ئەوا لە داهاتوودا خۆپیشاندانی دیكە دەکەن.