سەردێڕ:

​کەرکوک.. حاڵەتێکى دیکەى توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکرا

لە ئێران گەڕاوەتەوە
فۆتۆ: 
2020-02-27

10196 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى تەندروستى و ژینگەى عێراق لە بەیاننامەیەکدا تۆمارکردنى حاڵەتێکى دیکەى توشبوون بە کۆرۆناى لە پارێزگاى کەرکوک راگەیاند کە لە ئێرانەوە گەڕاوەتەوە.

سەیف ئەلبەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەى عێراق رایگەیاند، حاڵەتێكی دیكەی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری كەركوك تۆماركراوە و لە ئێستادا رەوانەی نەخۆشخانەى تايبەت كراوە و خراوەتە ژێر چاودێری پزیشكییەوە.

راشیگەیاند، كەسەكە پیاوێكی تەمەن ٥١ ساڵە و لە وڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە بۆ عێراق، و لەلایەن لیژنەكانی تەندروستییەوە چاودێرى کراوە و دواى وەرگرتنى نمونە (سامپڵ)ى توشبووەکە و دەرکەوتنى ئەنجامەکان ناوبراو توشى کۆرۆنا بووە و بەوەش ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا لە کەرکوک بووە پێنج کەس.

دوپاتیشکردووەتەوە، کە سەرجەم رێوشوێنەکانیان لەگەڵ توشبووەکە  گرتووەتەبەر و داواش لە هاوڵاتیان دەکات پابەندى رێنماییەکانى لیژنەى روبەروبونەوەى کۆرۆنا بن.

ئەوە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتى تەندروستى عێراق لە دواى قوتابییەکەى نەجەف، حاڵەتێکى توشبووى نوێى لە بەغدا راگەیاند، کە گەنجێک بووە لە وڵاتى ئێران گەڕاوتەوە شارى بەغدا و بەوەش ژمارەى توشبووان لە عێراق بۆ حەوت کەس بەرزبووەوە.