سەردێڕ:

قائیمقامییەتی سلێمانی چەند ڕێنماییەکی تایبەت بە شوێنە گشتییەکان بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2020-02-27

8089 جار خوێندراوەتەوە

لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی چەند ڕێنماییەکی بۆ خۆپارێزی هاوڵاتیان بڵاوکردەوە و باس لەوەدەکات، ئەگەر خاوەنی شوێنەگشتییەکان پێوەی پابەندنەبن سزادەدرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، قائیمقامییەتی سلێمانی چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، "هەر شوێنێک پابەند نەبێت پێوەی دەستبەجێ شوێنەکە دادەخرێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکار دەگیرێتەبەر".

لە ڕێنماییەکانیشدا ئەوە هاتووە، "كێشانی نێرگه‌له‌ له‌ سه‌رجه‌م شوێنه‌ گشتییه‌كانی وەک كافتریا، چاخانه‌، ریستۆرانت و خواردن و خواردنه‌وه‌كاندا قەدەغەبکرێت، لەگەڵ ڕاگرتن و قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌نجامدانی ئاهه‌نگ و لایڤ میوزیك‌ له‌ سه‌رجه‌م كافتریا، ئوتێل، خواردن و خواردنه‌وه‌ و ریستۆراته‌كان و هۆڵە‌كانی ئاهه‌نگ گێڕان، جگه‌ له‌ بۆنه‌ی خێزانی".

لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداری دەدەن کە، "سه‌رجه‌م فرۆشگاكان پابه‌ندبن به‌ نرخی ئاسایی رۆژانه‌ی خۆیان و كارمه‌نده‌كانی شوێنەگشتییەکان پشکنینیان بۆ ئەنجامبدرێت و ده‌مامك و ده‌ستكێش و كڵاو بەکاربهێندرێت، لەگەڵ گرنگیدان به‌ پاكوخاوێنی".

هاوکات، "هۆڵەکانی لەشجوانی و مه‌له‌وانگه‌كان و گه‌یم سه‌نته‌ره‌كان بۆ كاتێكی نادیار دابخرێن و خوێندن و خوله‌كان له‌ په‌یمانگا پیشه‌ییه‌ ئه‌هلییه‌كان و یارییه‌ منداڵانه‌كان له ‌گه‌ڕه‌كه‌كان و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا ڕابگیرێن".

باس لەوەشکراوە لە شوێنەگشتییەکان،  "ژماره‌ی مێزه‌كان کەمبکرێنەوە، به‌ جۆرێك نێوانی دوو مێز له‌ سێ مه‌تر كه‌متر نه‌بێت و پێداویستییەکانی وەک قاپ، كه‌وچك، پیاڵه‌ و په‌رداخی سەفەری بەکاربهێندرێن، لەگەڵ ئەوەشدا سه‌رمێزه‌كان دابپۆشرێن".

ئاماژە بەوەشكراوە، "ژمارەی هه‌واكێش زیادبکرێت و دە‌رگا و په‌نجه‌ره‌كانیان به‌ به‌رده‌وامی کراوەبێت"، دەشڵێت، "پاكژكه‌ره‌وه‌ (تعقیم) له‌سه‌رجه‌م شوێنه‌ گشتییه‌كان (ده‌ستشۆردن، سه‌رمێز، هۆڵه‌كان)، بەکاربهێندرێت".

ڕاشیگەیاندووە، "هاوڵاتیان هۆشیاربن له‌ سه‌رنه‌بڕینی مریشك له‌ شوێنه‌ بێمۆڵه‌ته‌كان و دوكانی كۆڵانه‌كان و له‌و‌ خوارده‌مه‌نیانه‌ی له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ و ده‌ستگێڕ و سه‌رشه‌قامه‌كان ده‌فرۆشرێت دووربکەونەوە".

لە درێژەی ڕێنماییەکانیشدا باس لەوەکراوە، "گۆشتی سه‌ر سینی و قیمه‌ی ئاماده‌كراو لاببردرێت و گۆشت له‌ ده‌ره‌وه‌ی دوكان و له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كاندا هەڵنەواسرێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ١٨ی ئەم مانگەدا ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە وڵاتی ئێران بڵاوبووەوە، کە نزیکترین وڵاتە لە عێراقەوە ڤایرۆسەکەی تیادا بڵاوبووبێتەوە و هاوسنورە لەگەڵ عێراق، بەو هۆیەوە لە عێراق و هەرێم ڕێکاری پێویست بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە گیراوەتەبەر و ڕێنمایی پێویست دەدرێتە هاوڵاتییان و شوێنە گشتییەکان.

هـ.ئـ