سەردێڕ:

چین سوپایەك لە قاز دەنێرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی کولە

فۆتۆ: 
2020-02-27

21706 جار خوێندراوەتەوە

چین پلانی ئەوەی هەیە کە سوپایەك لە قاز بنێرێت کە پێکهاتوون لە ١٠٠ هەزار قاز بۆئەوەی یارمەتی پاکستان بدات تا بەرەنگاری بڵاوبوونەوەی کولە ببێتەوە.

لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی ئەسۆشییەیتد پرێس ئاماژەی بەوەکردووە، وابڕیارە سوپایەك لەو باڵندانەی کە کولە دەخۆن لە ناوچەی چگیانگی رۆژهەڵاتی چینەوە بنێردرێن بۆ پاکستان، ئەمەش دوای ئەوە هات کە گروپێك لە پسپۆڕانی چین سەردانی پاکستانیان کرد بۆئەوەی چارەسەری کێشەی بڵاوبوونەوەی کولە بکەن بە وڵاتەکەدا، کە لە بەرزترین ئاستیدایە لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا.

چین لە رابردوودا کەتووشی هەمان حاڵەت بوو لە هەرێمێکى باکورى خۆرئاواى وڵاتەکە، بڕیاریدا قاز بڵاوبکاتەوە چونکە ئەم جۆرە قازانە لەسەر خواردنی مێرووەکان دەژین، دوای ئەوەی قازەکانی بڵاوکردەوە بە هەرێمەکەدا توانی ژمارەی کولەکان کەمبکاتەوە.

بەکارهێنانی قاز تێچووەکی کەمتری هەیە و زیانەکەشی کەمترە بۆ ژینگە، لەو بارەیەوە توێژەرێك لە پەیمانگای تچیانگی هەرێمی بۆ تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی وتی، "لەم کارانەدا قاز لە هەموو جۆرەکانی دیکەی پەلەوەرەکان گونجاوترە، چونکە قاز ئارەزوو دەکات بەکۆمەڵ بمێنێتەوە بۆیە چاودێریکردنیان و کۆکردنەوەیان ئاسانترە".

روونیشیکردووەتەوە، قاز توانای هەیە کە زیاتر لە ٢٠٠ کولە بخوات لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا مریشك تەنها حەفتا کولە دەخوات.

لە ساڵی رابردووەوە پاکستان رووبەڕووی بڵاوبوونەوەی کولە بووە و توانای بەرەنگاربوونەوەی نییە و بووەتە هۆی ئەوەی ئاستی وەبەرهێنانی پەموو لە وڵاتەکەدا کەمببێتەوە و مەترسیی لەسەر بەرهەمهێنانی گەنمیش دروستکردووە.

ژ.ن