سەردێڕ:

دەروازەی حاجی ئۆمەران: جموجۆڵی بازرگانیی بەردەوامە

فۆتۆ: 
2020-02-27

6087 جار خوێندراوەتەوە

کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند، جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکەدا بەردەوام دەبێت و داناخرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ڕایگەیاند، "جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکەدا بەردەوام دەبێت و داناخرێت"، ئەم ئاگادارییەشی ئاڕاستەی هەریەک لە "فەرمانگەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و کۆمپانیاکان و بازرگانان و دەرھێنەرانی گومرگی و ئەنجومەن و شۆفێری بارھەڵگرەکان کردووە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگەدا سەرچاوەیەک لە مەرزی پەروێزخانەوە بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، "بە بڕیاری حکومەت تەواوی هاتوچۆ بە جوڵەی بازرگانیشەوە لە هەموو دەروازە نێودەوڵەتییەکانی نێوان هەرێم و ئێران ڕاگیراوە".

ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو ڕێکارانەدا بوو کە حکومەتی هەرێم بۆ ڕوبەڕوبوونەوە و خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتییەبەر، بەهۆی ئەوەی لە ١٨ی ئەم مانگەدا ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە وڵاتی ئێران بڵاوبووەوە، کە نزیکترین وڵاتە لە عێراقەوە ڤایرۆسەکەی تیادا بڵاوبووبێتەوە و هاوسنورە لەگەڵ عێراق، لە دواین ئاماریشدا هەتا ئێستا لە ئێران ٢٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و توشبووانیش بۆ ٢٤٥ کەس بەرزبووەتەوە.

هـ.ئـ