سەردێڕ:

بەرپرسێكی باڵای ئیران توشی كۆرۆنا بوو

فۆتۆ: 
2020-02-27

7062 جار خوێندراوەتەوە

مەعسومە ئیبتیكار جێگری حەسەن ڕۆحانی سەرۆككۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە.

ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردووە، پاش ئەوەی پشكنینی بۆ كراوە دەركەوتووە  مەعسومە ئیبتیكار جێگری حەسەن ڕۆحانی بۆ كاروباری ژنان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە.

هاوكات میدیا نێوخۆییەكانی ئێران رایانگەیاند، هادی خەسرەو شاهی باڵیۆزی پێشوی ئەو وڵاتە لە ڤاتیكان و بەرپرسی پێشوی نوسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانی لەدەستداوە.

ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاندبوو، ئیرەج حەریرچی جێگری وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە توشی ڤایرۆسەكە بووە.

هاوكات ئاژانسەكانی هەواڵ باس لە تووشبوونی موجتەبا زولنور سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەش دەكەن.

لای خۆیانەوە دەسەلاتدارانی ئێران بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە بە بڕیارێك مەراسیمی نوێژی هەینی سبەینێیان ڕاگرت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ١٨ی شوباتی ٢٠٢٠، لە شاری قومی ئێران بۆ یەکەمجار دوو حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکران و ھەر لە ھەمان رۆژدا ھەردوو توشبووەکە گیانیان لەدەستدا.

بەپێی نوێترین ئاماریش، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە سەرانسەری دنیادا بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ دوو ھەزار و ٨١١ کەس و توشبوونیش بۆ ٨٢ ھەزار و ٤٤٥ کەس بەرزبووەتەوە، تا ئێستاش ٣٢ ھەزار و ٧٥٦ کەس چاکبوونەتەوە.