سەردێڕ:

هاتوچۆى سلێمانى: بڕیاری جام رەشکردنی ئۆتۆمبێل کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە

فۆتۆ: 
2020-02-27

4441 جار خوێندراوەتەوە

هاتوچۆى سلێمانى ڕایگەیاند، بەپێی بڕیاری حكومەتی هەرێم لەمەودوا هاوڵاتیان دەتوانن جامی ئۆتۆمبێلەكانیان ڕەش بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی پارێزگاكان وەربگرن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٧ ى شوباتى ٢٠٢٠، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆى سلێمانى لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "هاوڵاتیان بۆ جام ڕەشكردنی ئۆتۆمبێلەكانیان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بکەن‌ و فۆڕمی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە وەربگرن بە مەرجێک نابێت ڕێژەی جام ڕەشکردنەکە لە ٨٠% تێپەڕ بكات، جگە لەوانەی كە لە بنەڕەتدا لە كۆمپانیای دروستكردنەوە ڕەشن و بەبێ‌ نوسراوى هاتوچۆى پارێزگاکان هیچ شوێنێك بۆی نیە جامی ئۆتۆمبێل ڕەش بكات و ئامێری سزای ئەلیكترۆنی ئۆتۆمبێلیش زیاد دەكرێت بۆ ئاشکراکردنى ئەو ئۆتۆمبێلانەی مۆڵەتی جام ڕەشکردنیان نیە".

ئاماژەبەوەشکراوە، "جامی تەنیشتی شۆفێر نابێت لە ڕێژەی ٥٠% زیاتر ڕەش بكرێت و جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێلیش نابێت ڕەش بكرێت و دوو سێكتەری تایبەت دروست دەكرێت بۆ هەردوو ڕێژەی ٥٠% و ٨٠% لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیيەكانی هاتوچۆوە لە جامە ڕەشەكان دەدرێت".

ئەوەشخراوەتەڕوو،" پێویستە لەسەر گشت تیمەکانى پۆلیس، هاتوچۆ ‌و ئاسایش دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانە بگرن كە بەپێی ئەو ڕێنماییانە مۆڵەتیان وەرنەگرتووە، دەبێت ڕێكاری یاسایی پێویست لە بەرامبەر خاوەن ئۆتۆمبێلەكە بگیرێتە بەر".

باسلەوەشکراوە، "بڕیارەکە چەند جۆرێکى ئۆتۆمبێل ناگرێتەوە لەوانە، ئۆتۆمبێلەكانی پرۆتۆكۆڵی حكومەت، ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ ئۆتۆمبێلى كونسوڵگەرییەكان، هەروەها جامی ڕەش تەنها ئۆتۆمبێلەكانی هەڵگری تابلۆی شارستانی دەگرێتەوە".

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە ١٥ی کانونى دووەمى ٢٠٢٠، حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی مۆڵەتی جام ڕەشکردنى ئۆتۆمبێل بە هاوڵاتیان لە بەرامبەر بڕێک پارەدا.