سەردێڕ:

مەسعود حەیدەر: هەر کەسێک خۆی بە کورد بزانێت نابێت لە مەرجەعیەتى بارزانى دەربچێت

پرسی پێكهێنانی كابینەكەی عەلاوی
فۆتۆ: 
2020-02-27

35302 جار خوێندراوەتەوە

ڕاوێژکارێكی مەسعود بارزانى ڕایگەیاند، "ھەر کەسێک خۆی بە کورد بزانێت و پاک و نیشتيمانپەروەر بێت نابێت لە ئیجماعی کوردی و چەتری مەرجەعیەتی کورد دەربچێت، کە ئەویش سەرۆک مەسعود بارزانییە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسعود حەیدەر ڕاوێژکارى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕایگەیاند، "کەسێک بۆ پۆست ئەمە بکات ھیچ جیاوازی نابێت لەگەڵ تەھا جەزراوی و تەھا محێدینى بەعس".

دەشڵێت، "پێکھاتەیەکی دیاری عێراق بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان و بە ئەجێندای دەرەکی، گەلانی عێراق بەرەو حوکمی تاکڕەوی و ھەڵدێر دەبەن"، باس لەوەشدەکات، "قەوارەی دەستوری ھەرێم، یەکێک دەبێت لە ئامانجەکانیان لە قۆناغی داھاتوودا".

ئەو ڕاوێژکارەی بارزانی ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق روودەدات پێویستە بە یەکھەڵوێستی رووبەڕووی ببینەوە، ھەر کوردێک لە بەغداد لە دەرەوەی بازنەی نیشتیمانی کوردیی جموجۆڵی سیاسی بکات، خیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکات لە خاک و گەلی کوردستان و ھەموو قوربانییەکانی سەد ساڵی رابردوو".

ئەوەش لە كاتێكدایە، لە چەند ڕۆژی رابردوودا موقتەدا سەدر رابەرى رەوتى سەدر لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، لە کوردستاندا تەنها پارتى و یەکێتى بوونیان نییە، بەڵکو حزب و ئاڕاستەى تریش بوونیان هەیە و نەوەى نوێى بە نمونە هێنایەوە، هەر پاش ئەمەش لە شەقامى عێراقى و کوردستانیدا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە نەوەی نوێ بانگهێشتکراوە بۆ بەشداریکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق، گەرچى جوڵانەوەى نەوەى نوێ بەفەرمیى هیچ شتێکى لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە، بەڵام بەپێى توێتێكى شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەکە، کە رایگەیاندوە، "پشتیوانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەكەین، كە نوێنەرایەتی داواكارییەكانی خەڵك بكات و دوور بێت لە كاندیدە حیزبیەكان بە حزبە كوردیییەکانیشەوە."، ئەمەش وا لێکدەدرێتەوە کە نەوەى نوێ بەشدارى لەپێکهێنانى ئەو حکومەتەدا ناکات.

هـ.ئـ