سەردێڕ:

فازڵ میرانی: هەر کوردێک کاندیدی ئێمە نەبێت لە "تەها محێدین" خراپتر سەیری دەکەین

فۆتۆ: 
2020-02-27

14563 جار خوێندراوەتەوە

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "هەرکوردێک لەکابینەکەی عەلاوی ببێتە وەزیر بێ ئەوەی لایەنە کوردییەکان و حکومەتی هەرێم کاندیدی بکات ڕه‌نگه‌ خراپتر له‌ (تەها محێدین) سه‌یری بكه‌ین."

فازڵ میرانی، سکرتێرى مەکتەبی سیاسیی پارتى بە حزبەکانى دەرەوەى پارتى و یەکێتى لە بەغدا بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاندووە، ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی نه‌بێت نه‌ ئێوه‌ موچه‌ وه‌رده‌گرن و نه‌كه‌سیش ڕێزتان لێ ده‌گرێت.

راگەیاندووە، ته‌واوی هێزه‌كانی عێراق له‌شێوازی مامه‌ڵه‌ی عه‌لاوی ناڕازیین و عه‌لاوی وا ده‌زانێت له‌مه‌ریخه‌وه‌ هاتووه‌، نازانێت عێراق وڵاتێكه‌ ٦٢ ساڵە له‌سه‌ر سێ كوچكه‌كه‌ی سونه‌ و شیعه ‌و كورد دروست بووه‌.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، ئێستا چوار کودەتای سەربازی لەعێراقدا كراوه‌، ئه‌مه‌ی عەلاوی دەیکات کودەتای پێنجه‌مه‌، به‌ڵام به‌رگێكی سیاسی له‌به‌ر كردووه‌ و ئەوان حوكمێكی شمولییان قبوڵ نییە و ده‌توانن لە حكومه‌ته‌کەى عەلاوى به‌شدارنه‌بن.

سکرتێرى مەکتەبی سیاسیی پارتى دەشڵێت، یەکێک لە بژاردەکانی به‌رده‌م كورد ئه‌وه‌یه‌ ئەوان داوای مافه ‌ده‌ستورییه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن.

یەکێکى دیکە لە بژاردەکان، ئەوان وه‌كو عێراقی به‌شداری لەگەڵ هێزه‌عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی حیسابیان بۆ نه‌كات، ئەوانیش نه‌هاوكاری ده‌بن و نه‌حسابی بۆ ده‌كەن.

فازڵ میرانی ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، هه‌ندێك له‌ نوێنه‌ری حیزبه‌كان ده‌ڵێن ئەوان له ‌به‌غدا مووچه ‌و بودجه‌یان دابینكردووه‌، پارتی و یه‌كێتیش ماون له‌پێناو دابینکردنی پۆستی وەزارەت بۆ خۆیان.

ئەم قسانەى فازڵ میرانى پاش ئەوە دێت، کە موقتەدا سەدر رابەرى رەوتى سەدر لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا وتى کە لە کوردستاندا تەنها پارتى و یەکێتى بوونیان نییە بەڵکو حزب و ئاڕاستەى تریش بوونیان هەیە و نەوەى نوێى بەنمونە هێنایەوە، هەر پاش ئەمەش لەشەقامى عێراقى و کوردستانیدا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە نەوەی نوێ بانگهێشت کراوە بۆ بەشداریکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق، گەرچى جوڵانەوەى نەوەى نوێ بەفەرمیى هیچ شتێکى لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە، بەڵام بەپێى توێتێكى شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەکە، کە رایگەیاندوە، "پشتیوانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەكەین، كە نوێنەرایەتی داواكارییەكانی خەڵك بكات و دوور بێت لە كاندیدە حیزبیەكان بە حزبە كوردیییەکانیشەوە."، ئەمەش وا لێکدەدرێتەوە کە نەوەى نوێ بەشدارى لەپێکهێنانى ئەو حکومەتەدا ناکات.

تەها محێدین کێ بوو؟

تەها محێدین مەعروف، کوردێکی لەدایکبووى ساڵى  ١٩٢٩بوو، لە ساڵى ١٩٧٥ تا روخانى رژێمى بەعس لە ٢٠٠٣ جێگرى سەدام حوسێن بوولە ٧ى ئابى ٢٠٠٩ لە تەمەنى ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.