سەردێڕ:

پزیشکێکی هیندی: ڤایرۆسى کۆرۆنا ناتوانێت لە پلەى گەرمى بەرزدا بژى

فۆتۆ: 
2020-02-27

8015 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێکی هیندی رایگەیاند، ڤایرۆسى کۆرۆنا ناتوانێت لە پلەى گەرمى بەرزدا بژى و بۆیە لەکاتى بەرزبونەوەى پلەى گەرمادا ڕێژەى توشبوون بە نەخۆشیەکە کەمدەبێتەوە.

ئۆیڵ تۆماس، پرۆفیسۆرى یاریدەدەر لە میانى بەرنامەى پانۆراماى ئێن ئاڕ تیدا ڕایگەیاند، " ڤایرۆسی کۆرۆنا خەڵك زۆر ناکوژێت و پێویستە خەڵك ئاگاداری خۆی بێت نەك بترسێت و پێشنیاردەکەم کاڵا و شمەکى خۆیان بە کەسی دیکە نەدەن".

ڕاشیگەیاند، "لە کۆتایى مانگى نیسانى ٢٠٢٠ پێدەچێت وڵاتى چین بەهێزترین ڤاکسین دژى کۆرۆنا بدۆزێتەوە و وڵاتى هیندستانیش لە جۆرێکى تایبەتى گوڵ زەیتەکەى دەردەهێندرێت و ئەگەر هەیە چارەسەرێکى باش بێت دژى ڤایرۆسەکە".

ئاماژەى بەوەشکرد، "ڤایرۆسى کۆرۆنا بە چەندین ڕێگاى جیاواز و بە تایبەت لە ڕێگەى هەناسەدان و دەستلێدان دەگوازرێتەوە."

ئەوەشى خستەڕوو، "لە ئێستادا ئامێرى ئاشکراکردنى نەخۆشى کۆرۆنا بەردەستە و پێشنیاردەکەم لاى زۆرینەى وەزارەتە پەیوەندیدارەکان هەبێت".

ئەو پزیشکە وتوشیەتی، "سەرەتا ڤایرۆسى کۆرۆنا لە شەمشەمە کوێرەوە بۆ مرۆڤ گواسترایەوە و ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە بە چەندین شێوازى جۆراوجۆر خۆى گۆڕیوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید١٩) لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩وە لە شاری وهانی چینەوە بڵاوبووەتەوە و تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو ھەزار و ٨٠٥ کەس و توشبوونی ٨٢ ھەزار و ١٤٣ کەس، لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئێستاش ٣٢ ھەزار و ٧٥٦ کەس چاکبوونەتەوە.