سەردێڕ:

چین لەبارەی پیاوێکی ئێرانی توشبووی کۆرۆناوە هۆشداریدا

فۆتۆ: 
2020-02-27

26216 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی شاری شەنگەهای چین رایانگەیاند، پیاوێکی ئێرانی توشبووی کۆرۆنا گەیشتووەتە شارەکەیان و لە ئێستادا بەدوای هەرکەسێکدا دەگەڕێن کە مامەڵەی لەگەڵ پیاوەکەدا هەبووبێت.

ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەو، "پیاوە ئێرانییەکە لە ئێرانەوە بۆ مۆسکۆ و لەوێشەوە بۆ شاری شەنگەهای لە چین گەشتی کردووە، بەڵام لە رێگەیدا بۆ شاری ژۆنگوی نیشانەکانی تێدا بینراوە."

ئەوەش هاتووە، "پیاوەکە بە شەمەندەفەر گەشتی لە نێوان شارەکانی شەنگەهای، لانژو و ژۆنگوی کردووە و هەموو ئەو جێگایانەشی کە سەردانی کردووە، پێشتر توشبووی تێدا تۆمارنەکراوە."

ئاماژە بەوەشکراوە، "لە ئێستادا بەرپرسانی ئەو ناوچەیە لێکۆڵینەوە لە هەر جێگا و کەسێک دەکەن کە پیاوە ئێرانییەکە سەردانی کردبێت."

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٩ کەس و توشبووانیش بۆ ١٣٩ کەس بەرزبووەوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید١٩) لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩وە لە شاری وهانی چینەوە بڵاوبووەتەوە و تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هەزار و ٨٠١ کەس و توشبوونی ٨٢ هەزار و ١٣٧ کەس و هاوکات، تا ئێستا ٣٢ هەزار و ٧٥٦ کەسیش لە پەتاکە چاکبوونەتەوە.

هـ.ب

‌بەپەلە