سەردێڕ:

دانیمارک یەکەم حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنای راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-02-27

11393 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی دانیمارک رایگەیاند، یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پیاوێکدا تۆمارکرا کە لە ئیتاڵیاوە گەڕاوەتەوە.

بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی وڵاتی دانیمارک رایانگەیاند، "پیاوەکە گەشتی بۆ هەرێمی لامبۆردی ئیتاڵیا کردووە و لە گەڕانەوەیدا و دوای پشکنینی پزیشکیی، بۆیان دەرکەوتووە توشی ڤایرۆسەکە بووە."

ماگنوس هونیک، وەزیری تەندروستیی دانیمارکیش رایگەیاند، "ئێمە زۆر بە جدی دۆخەکە وەردەگرین و کارەکانمان بۆ بەرگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەستپێکردووە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، تەنیا لەماوەی دوو رۆژدا بە لایەنی کەمەوە نۆ وڵاتی ئەوروپی یەکەم حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنایان راگەیاندووە.

نۆ وڵاتە ئەوروپییەکە بریتین لە جۆرجیا، یۆنان، رۆمانیا، نەرویج، نەمسا، کرواتیا، ئیسپانیا، سویسرا و مەکەدۆنیای باکور.

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید١٩) لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩وە لە شاری وهانی چینەوە بڵاوبووەتەوە و تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو ھەزار و ٨٠٥ کەس و توشبوونی ٨٢ ھەزار و ١٤٣ کەس، لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئێستاش ٣٢ ھەزار و ٧٥٦ کەس چاکبوونەتەوە.

هـ.ب