سەردێڕ:

کەریم قەرەچەتانی: مردن بە رووداوی هاتوچۆ زۆر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاترە

فۆتۆ: 
2020-02-26

4198 جار خوێندراوەتەوە

کەریم قەرەچەتانی رایگەیاند، پروپاگەندە دەربارەی کۆرۆنا کاریگەریی خراپی بۆ هاوڵاتیان هەیە و گیانلەدەستدان بە جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشان و رووداوی هاتوچۆ زۆر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاترە.

کەریم قەرەچەتانی مامۆستای زانکۆی سلێمانی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "دوو هۆکاری سەرەکی هەیە بۆ درووستکردنی پروپاگەندە کە یەکەمیان نەبوونی زانیارییە و دووەمیش گرنگی بابەتەکەیە."

راشیگەیاند، "ئەوە راست نییە کە هەموو توشبووانی کۆرۆنا گیانلەدەستدەدەن، بەڵکو تەنیا لە سەدا دوو بۆ سێیە."

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەی کە دوو هەزار کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، دەیان هەزار کەس بە جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشان و رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە، بەڵام چونکە پروپاگەندەی بۆ ناکرێت کەس لێی ناترسێت.

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید١٩) لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩وە لە شاری وهانی چینەوە بڵاوبووەتەوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هەزار و ٧٦٩ کەس و توشبوونی ٨١ هەزار و ١٨٧ کەس و هاوکات، تا ئێستا ٣٠ هەزار و ٦ کەسیش لە پەتاکە چاکبوونەتەوە.