سەردێڕ:

یەکەم هاوڵاتی فەڕەنسی بەهۆی کۆرۆناوە گیانیلەدەستدا

فۆتۆ: 
2020-02-26

3226 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی فەڕەنسا رایگەیاند، پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵی فەڕەنسی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیلەدەستداوە و بەوەش، ژمارەی گیانلەدەستدان لەو وڵاتەدا بۆ دوو کەس بەرزبووەوە.

ژێرۆم سالۆمۆن، جێگری وەزیری تەندروستیی فەڕەنسا رایگەیاند، "پیاوەکە ئەمشەو لە دۆخێکی نالەباری تەندروستیدا گەیەندراوەتە نەخۆشخانەیەکی پاریس و لە پاش چەند کاتژمێرێک گیانیلەدەستداوە."

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، "کە ئاژانسی تەندروستیی فەڕەنسا رایگەیاندووە، "ئەو هاوڵاتییە فەڕەنسییە سەردانی هیچ یەک لەو شوێنانەی نەکردووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بڵاوبووەتەوە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، یەکەم گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆناوە لە فەڕەنسادا گەشتیارێکی چینی تەمەن ٨٠ ساڵ بوو. هاوکات، تا ئێستا لە فەڕەنسادا ١٧ حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراون کە ١١یان چاکبوونەتەوە و رەوانەی ماڵەکانیان کراونەتەوە و لە ئێستادا تەنیا چوار کەسی توشبوو لە نەخۆشخانەکاندان.

بەپێی نوێترین ئاماریش، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە سەرانسەری دنیادا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ دوو هەزار و ٧٧٠ کەس و توشبوونیش بۆ ٨١ هەزار و ٢٤٨ کەس بەرزبووەتەوە، تا ئێستاش ٣٠ هەزار و ٣٠٦ کەس چاکبوونەتەوە.

هـ.ب