سەردێڕ:

بارەگای بارزانی ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2020-02-26

9438 جار خوێندراوەتەوە

بارەگاى بارزانى رایگەیاند، "مەسعود بارزانى کێشەى کەسیی لەگەڵ عەلاویدا نییە، تێبینی لەسەر شێواز و میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدەكان هەیە." دەشڵێت، "هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی كاندیدی بۆ پۆستە وەزارییەكان هەبێت و پێویستە ڕێز لەو مافەی هەرێم بگیرێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٠، بارەگای بارزانی ڕاگەیانراوێکی دەربارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "پاش ڕاسپاردنی محەمەد عەللاوی بۆ پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراق، لە چەند میدیایەكی عەرەبی و كوردیدا وا بڵاوبووەتەوە گوایە بارزانی لەبەر كێشەی كەسی و دانانی هەندێ كەسی نزیك لە خۆی بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان كێشەی لەگەڵ عەللاوی و پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتی تازەدا هەیە".

دەشڵێت، "بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین ئەم بابەتە هیچ بنەمایەكی نییە و بارزانی تێبینی لەسەر شێواز و بەرنامەی كاری عەللاوی و میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدەكان بۆ پۆستە وەزارییەكانی حكومەتی عێراق هەیە."

باسی لەوەشكردووە، "ئەو شێواز و میكانیزمە ڕەچاوی ماف و داواكاریی پێكهاتەكان و تایبەتمەندیی هەرێم ناكات و بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی قوڵتربوونی قەیرانە سیاسییەكانی عێراق".

ڕوونیشیکردووەتەوە، "بەلای بارزانییەوە ناوی كەسەكان ئەولەوییەت نییە، ئەوەی گرنگە پابەندبوونی هەموو لایەكە بۆ ئەوەی بنەماكانی شەراكەت و هاوسەنگی و تەوافوق لە پڕۆسەی سیاسی و حكومەتی داهاتوودا ڕەچاو بگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەروەك چۆن هەندێ لایەن عەللاویان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید كردووە، هەرێمیش مافی خۆیەتی كاندیدی بۆ پۆستە وەزارییەكان هەبێت و پێویستە ڕێز لەو مافەی هەرێم بگیرێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ئێستا سەرجەم حزبە کوردییەکان بە پارتی و یەکێتییشەوە هاوڕان لەسەر شێوازی دیاریکردنی وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و بۆ ئەو مەبەستە شاندێکیان رەوانەی بەغدا کرد، تەنیا جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەبێت هەڵوێستی جیاوازە و دوێنێش، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکە لە تویتێکدا رایگەیاند، "جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەك بەشێك لە شەقامی كوردی کە نزیکەى لەسەدا ٦٥ى دەنگدەرانى بەشدارى هەڵبژاردنیان نەکرد، پشتیوانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەكات، حكومەتێك كە نوێنەرایەتی داواكارییەكانی خەڵك بكات و دوور بێت لە كاندیدە حیزبیەكان بەو حزبە كوردییانەشەوە كە بە ساختەكاری خۆیان كردووە بە نوێنەری گەلی كورد و بڕیارەكانی كوردستانیان بە زەبری چەك و پارە و بانگەشەى نەتەوەیی قۆرخكردووە".