سەردێڕ:

لە سلێمانی و هەڵەبجە بڕیاردرا کافتریاکانی نێرگەلەکێشان دابخرێن

فۆتۆ: 
2020-02-26

3585 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامیەتى سلێمانى ڕایگەیاند، بڕیاری داخستنى سەرجەم کافتریاکانی سنوری سلێمانی دراوە و لیژنە هاوبەشەکان بە زووترین کات بڕیارەکە جێبەجێدەکەن و لە هەڵەبجەش سەرجەم شوێنەکانی نێرگەلەکێشان تا کاتێکی نادیار داخران.

له‌شكر حه‌مید، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند، "بە مه‌به‌ستی رێگریكردن و خۆپارێزیی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵای روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنا ‌بڕیاریداوه‌ شوێنی كێشانی نێرگه‌له‌‌ و مه‌له‌وانگه دابخرێت‌ له‌گه‌ڵ راگرتنی لایڤ موزیك له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان و بۆنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌ قه‌ره‌باڵغی دروست ده‌كه‌ن".

ڕاشیگەیاند، "لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی به‌زووترین كات رێوشوێنی پێویست ده‌گرنه‌به‌ر بۆ داخستنی سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌كه‌وه‌ دیاریكراوه‌".

ئاماژەى بەوەشکرد، "راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنا له‌ پارێزگای سلێمانی، ده‌سه‌ڵاتی زیاتری داوه به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان بۆ سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی قۆرخكاریی و گرانكردنی نرخی كاڵا و شمه‌كه‌كان له‌سه‌ر هاوڵاتیان ده‌كه‌ن".

لەلایەکی دیکەوە، كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجەش رایگەیاند، "لە کۆبونەوەی ڕۆژانەی تایبەت بە خۆپارێزی لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەبەر سەلامەتی و بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان بڕیاردرا سەرجەم شوێنی کێشانی نێرگەلە (نێرگەلەخانەکان) تاکاتێکی نادیار دابخرێن."

هەر ئەمڕۆ، قائیمقامی هەولێر رایگەیاند، "بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاریانداوە نێرگەلەكێشان لە هەموو شوێنە گشتییەکانی سنوری پارێزگای هەولێردا قەدەغە بکەن".

ئەوەش دوایی ئەوەدێت قائیمقامیەتی قەزای کەلار و کفری تاوەکو هێوربوونەوەی دۆخەکە، بڕیاریاندا سەرجەم کافتریاکانی سنورەکانیان دابخەن.