سەردێڕ:

​سەدان پێشمەرگە لەبەردەم ماڵی بافڵ تاڵەبانی گردبوونەوە

فۆتۆ: 
2020-02-26

52437 جار خوێندراوەتەوە

سەدان پێشمەرگە لەبەردەم ماڵی بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان گردبوونەتەوە و داوای بەرزکردنەوەی پلەکانیان دەکەن.

سەرچاوەیەک لەناو گردبوونەوەکەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "بافڵ تاڵەبانی لە کاتی کۆنگرەدا بەڵێنی پێداوین کە لە دوای کۆنگرە ئیش و کارەکانمان بۆ رایی دەکات، بەڵام دوو مانگ بەسەر کۆنگرەدا تێپەڕیوە و نەیکردووە."

راشیگەیاند، ئەوان خولێکی سەربازییان تەواوکردووە، بەڵام رێکاری پلەبەرزکردنەوەیان بۆ نەکراوە و بەوهۆیەشەوە، موچەکانیان دەستکارینەکراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، "پلەی خزم و دۆست و ناسراوەکانی خۆیانیان بەرزکردووەتەوە و تەنیا پلەی ئێمە بەرزنەکراوەتەوە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، بافڵ تاڵەبانی لە ماوەی رابردوودا هاوشانی لاهور جەنگی بووە هاوسەرۆکی یەکێتی و لە ئێستادا دەسەڵاتی باڵای لەناو ئەو حزبەدا هەیە.

هاوکات، پلەبەرزکردنەوەی سەربازیی دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگەیە، بەڵام ئیش و کاری هێزەکانی یەکەی حەفتا لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە رایی دەکرێت.