سەردێڕ:

باوکی کچە هەشت ساڵانەکە: داوا دەکەم دادگا سەربەخۆ بێت

فۆتۆ: 
2020-02-22

14455 جار خوێندراوەتەوە

باوکی کچە هەشت ساڵانەکە رایگەیاند، داوام ئەوەیە دادگاکان سەربەخۆ بن و ئەوانەشی لە پشتی تاوانەکەوەن سزابدرێن، چونکە جیاوازییان لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا نییە.

باوکی ئەو کچە هەشت ساڵانەی دەستدرێژیکراوەتەسەر لە پانۆرامای ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "بەرپرسانی حکومەت پەیوەندییان پێوەکردووم و وتویانە ئەوانەش دادگایی دەکرێن کە هەڕەشەیان لێکردویت."

راشیگەیاند، "من پێشتر زۆر پەیوەندیم بە کەناڵەکانەوە کرد و پێموتن کە دەمەوێت کەیسەکە بە هێمنیی بەڕێوەبچێت، بەڵام کەسەکان ئازادکران."

ئاماژەی بەوەشدا، "دادگاکان و پارێزەرەکانیش فشاری زۆریان لەسەربوو، ئەوان باندێکی زۆر گەورە بوون."

دەربارەی دڵنیایی لەوەت کچەکەی دەستدرێژیکراوەتەسەری یاخود نا، باسی لەوەشکرد، "کچەکەمم بۆ لای دوو دکتۆری تایبەتی و بۆ پزیشکی دادوەریش بردووە و دڵنیاییان داوە لەسەی کە دەستدرێژیکراوەتەسەر."

ئەوەشی وت، "جگە لەوەش، زڕدایکی کچەکە زۆر ئازاری منداڵەکەمی داوە و دەشیویست رووداوەکە بخاتە ئەستۆی منداڵێکی دیکەی حەوت بۆ هەشت ساڵان."

وتیشی، "ئەو چەند کەسە کچەکەمیان سواری سەیارەیەک کردووە و بردویانە بۆ شوێنێکی چۆڵەوانی و دەستدرێژییانکردووەتەسەر، کەچی خاڵۆی منداڵەکە دەیوت تۆ هیچت پێناکرێت."

لەبارەی ئەوەی پاسەوانێکی حیزبی لە پشتیی رووداوەکەوە بێت رایگەیاند، "عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیسی هەولێر پێی وتوم کە بۆچی سومعەی ئەوانم لە میدیاکاندا شکاندووە؟."

وتیشی، "لە ئێستادا کەس هەڕەشەم لێناکات، بەڵام پێشتر هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکردم."

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمشەو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هەموو تۆمەتبارەکانی دۆسیەی کچە هەشت ساڵانەکە دەستگیرکراونەتەوە و هەرکەسێکیش هەڕەشەی لە باوکی کچەکە کردبێت سزای توند دەدرێت و دۆسییەکە بە دادپەروەرانە بەڕێوەدەچێت.