سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستیی: حاڵەتى گومانلێکراو بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەرێمدا نییە

فۆتۆ: 
2020-02-21

63758 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى وەزارەتی تەندروستی  ڕایگەیاند، ھیچ حاڵەتێکی توشبوو یان گومانلێکراو بە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکانى ھەرێمى کوردستان تۆمارنەکراوە و بونى نیە.

محەمەد قادر وتەبێژى وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند،" هەموو ڕێککارەکان لە دژى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە لایەن وەزارەتى تەندروستى و لایەنە پەیوەندیدارەکان گیراوەتەبەر رێگە نادرێت گەشتیاری وڵاتى ئێرانی بێنە ناوهەرێم".

ڕاشیگەیاند،" تیمێکى وەزارەتى تەندروستى کە ژمارەیان ٢٥ کەسە لەلایەن ڕێکخراوى تەندروستى جیهانییەوە ڕاهێنانیان پێکراوە لە سەرجەم ناوچەکانى هەرێم بڵاوەیانپێکراوە بەمەبەستى پشکنین بۆ ئەو کەسانەى دێنە ناو هەرێم".

ئاماژەى بەوەشکرد،" لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى عێراق هەماهەنگى بەردەوامیان هەیە و لە ئێستاشدا سەرجەم پێداویستییە پزیشکییەکان بەردەستە بۆ پشکنین".

ئەوەش دوایی ئەوە دێت، ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بەمەبەستی ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاریداوە سەرجەم گەشتەكانی نێوان ئێران و هەرێم ڕابگرێت و داواش لە هاوڵاتیانی هەرێم  دەكات گەشتەكانیان بۆ ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەكی كاتی دوابخەن.