سەردێڕ:

​حكومەت: چاوپۆشی لە تۆمەتبارانی کەیسی کچە هەشت ساڵانەکە ناکرێت

فۆتۆ: 
2020-02-21

4782 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حكومەتی ھەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، تەواوی دامودەزگا پەیوەندیدارەكان راسپێردراون بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە سەبارەت بە کەیسى منداڵە ٨ ساڵەکەى هەولێر و چاوپۆشی لە تۆمەتبارانی کەیسەکە ناکرێت.

جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی ھەرێمى کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لایەنە پەیوەندیدارەكان رێكاری یاساییان بەرانبەر ئەم دۆسییە و تۆمەتبارەکانی گرتووەتە بەر و ئەو پێنج تۆمەتبارەی كە پێشتر بە کەفالەت ئازاد كرابوون، دەستگیركراونەتەوە و بە ھیچ شێوەیەكیش چاوپۆشی لە تۆمەتبارانی ئەم تاوانە قیزەونە ناكرێت".

ئاماژەى بەوەشکردووە، "پەیوەندیی بە باوكی كچەکەش كراوە و دڵنیا كراوەتەوە كە بە ھیچ شێوەیەك قبوڵ ناكرێت كەس ھەڕەشەی لێ بكات".

ئەوەشى خستووەتەڕوو، "حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھاوڵاتییان دڵنیا دەكاتەوە كە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە لە رێگەی یاساوە سزا دەدرێن و بە ھیچ شێوەیەك رێگە بە پێشڵكردنی مافی ھاوڵاتییان و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی نادرێت".

هاوکات، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم ڕایگەیاند، "تۆمه‌تبارانى کەیسى منداڵە  هەشت ساڵانەکەى هەولێر به‌ ده‌سته‌به‌ری ئازادكراون تاكو ئه‌نجامی دادگاییكردنیان یه‌كلا ده‌بێته‌وه و ئێستاش پرۆسه‌ی دادبینی له‌و دۆسیه‌یه‌ له‌ دادگای تاوانه‌كانی هه‌ولێر به‌رده‌وامه".

ئەوەش دوایی ئەوەدێت، ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو، باوکی ئەو کچە هەشت ساڵانە ڕایگەیاندبوو، بۆ ئەوەی داوا یاساییەکەی خۆی کە تۆماریکردووە بکشێنێتەوە، پۆلیس هەڕەشەی لێکردووە، لای خۆشیەوە پۆلیسی هەولێر ڕەتیكردەوە، هەڕەشەی لە باوكی ئەو كچە كردبێت.