سەردێڕ:

بۆچی کە یەکێک باوێشک دەدات تۆش بەدوایدا باوێشک دەدەیت؟

فۆتۆ: 
2020-02-21

15297 جار خوێندراوەتەوە

هەرگیز سەرنجتداوە؟ ماندوو نیت و خەویشت نایەت، بەڵام کاتێک هاوڕێیەکت باوێشکدەدات تۆش خێرا بەدوایدا باوێشکێکدەدەیت، هۆکاری ئەمە چییە؟

سەبارەت بە هۆکاری گوازرانەوەی باوێشک لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی دیکە زاناکان چەندین گریمانەیان دەستنیشانکردووە بەڵام لێرەدا ئەوانەیان باسدەکەین کە زۆرترین بەڵگەیان بۆ هێنراوەتەوە و باوەڕپێکراوترینیانن.

لە لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٧ی زانکۆی نۆتینگهامدا زاناکانی ئینگلتەرا زاناکان بۆیاندەرکەوت کە گوازرانەوەی باوێشک لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دوو هۆکاری سەرەکی هەیە، یەکێکیان پەیوەندی بە زانستی مێشک و دەمارەوە هەیە و ئەوی دیکەشیان دەروونییە.

سەبارەت بە هۆکاری یەکەم، زاناکان ئاماژەبەوەدەکەن، لە مێشکماندا کۆمەڵێک دەمارەخانەهەن کە پێیاندەوترێت "دەمارەخانەی ئاوێنە"، ئەمانە کاریان لەبەرگرتنەوەی کاروباری خەڵکی دیکەیە و گرنگن بۆ فێربوونی کارەکانی رۆژانە، بەهۆی ئەمانەوە دەتوانیت بە سەیرکردنی کەسێک کە سوراودەکات فێری سوراوکردن ببیت، هەر بەهۆی ئەمانەوەیە کە کەسێک دەبینیت ئێسکێکی دەشكێت تۆش لەشوێنی خۆتەوە ئازارتپێدەگات.

هۆکارە دەروونییەکەش بریتییە لە هاوسۆزی، هاوسۆزی یەکێکە لە گرگنترین خەسڵەتەکانی ئاژەڵە کۆمەڵایەتییەکان، بەهۆیەوە لە خەم و کێشەی یەکتر تێدەگەن و جیا لەوەی دەتوانن یارمەتی یەکتر بدەن، دەشتوانن لە داهاتوودا خۆیانی لێبپارێزن، بە کۆکردنەوەی هەردوو هۆکارەکە تێدەگەین کە تەنیا باوێشک نییە کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە بەڵکو شتی دیکەش زۆرن، وەک هەستکردن بە تەزینی کەللەسەر کاتێک کەسێک دەبینیت ساردەمەنییەک بە ددانی دەخوات.

لێکۆڵینەوەکە راستییەکی دیکەشی ئاشکرادووە، زۆرترین جار باوێشکمان لە کەسی ناسراو و هاوڕێ نزیکەکانمانەوە بۆ دەگوازرێتەوە بە بەراورد بە کەسانی نەناسراو.

ب.ع