سەردێڕ:

فرسەت سۆفی: هەموو تۆمەتبارەکانی دۆسیەی کچەکە دەستگیرکراونەتەوە

فۆتۆ: 
2020-02-21

6513 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، هەموو تۆمەتبارەکانی دۆسیەی کچە هەشت ساڵانەکە دەستگیرکراونەتەوە و هەرکەسێکیش هەڕەشەی لە باوکی کچەکە کردبێت سزای توند دەدرێت.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەوەی کە جێی نیگەرانی ئێمەیە، جگە لە یەکێکیان، تۆمەتبارەکانی دیکەی ئەم دۆسییەیە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا بە کەفالەت ئازادکراون."

راشیگەیاند، "سەرۆکی حکومەت و هەرێم و وەزیری ناوخۆ پەیوەندییان پێوەکردووم و جەختیان لە سزادانی تۆمەتبارانی دۆسییەی کچەکە کردووەتەوە."

ئاماژەی بەوەشدا، "لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ پێنج تۆمەتبار کە ناویان لە دۆسییەکەدا هاتووە دەستگیرکراونەتەوە."

ئەوەشی وت، "سەرۆکی حکومەت خۆی سەرپەرشتی ئەم بابەتە دەکات و دڵنیاییش دەدەینە کەس و کاری کچەکە و هەموو هاوڵاتیان کە بە دادپەروەریی کەیسەکە بەڕێوەدەچێت."

جەختی لەوەشکردوە، "هەرکەسێک لە هەر پلەیەک بێت و هەڕەشەی لە باوکی منداڵەکە کردبێت ئەوا دڵنیاتان دەکەینەوە بە سزای توندی یاسایی خۆی دەگات."

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو، باوکی ئەو کچە هەشت ساڵانە ڕایگەیاندبوو، بۆ ئەوەی داوا یاساییەکەی خۆی کە تۆماریکردووە بکشێنێتەوە، پۆلیس هەڕەشەی لێکردووە، لای خۆشیەوە پۆلیسی هەولێر ڕەتیكردەوە، هەڕەشەی لە باوكی ئەو كچە كردبێت.

هـ.ب