سەردێڕ:

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم ڕوونکردنەوەیەکى دەربارەى کچە هەشت ساڵانەکە بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2020-02-21

4658 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم ڕایگەیاند، تۆمه‌تبارانى کەیسى منداڵە  هەشت ساڵانەکەى هەولێر به‌ ده‌سته‌به‌ری ئازاد كراون تاكو ئه‌نجامی دادگاییكردنیان یه‌كلا ده‌بێته‌وه و ئێستاش پرۆسه‌ی دادبینی له‌و دۆسیه‌یه‌ له‌ دادگای تاوانه‌كانی هه‌ولێر به‌رده‌وامه‌.

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمى کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،" دۆسیه‌ى ئەوکچە له‌ قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دایە و بۆ دادگای تاوانه‌كان ره‌وانه‌ كراوه‌ به‌ وردی كاری له‌سه‌ر كراوه‌ کە دوو ئافره‌ت و پیاوێك بوون به‌ راگیراوی له‌ دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ ره‌وانه‌ی دادگای تاوانه‌كان كران له‌ قۆناغی دادگاییكردن له‌ دادگا به‌ پێی یاساو ده‌سه‌ڵاته‌ رێپێدراوه‌كان  تۆمه‌تباره‌كان به‌ ده‌سته‌به‌ری ئازاد كراون تاكو ئه‌نجامی دادگاییكردنیان یه‌كلا ده‌بێته‌وه".

ئاماژەبەوەشکراوە،"پرۆسه‌ی دادبینی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ به‌ رێڕه‌وی یاسایی خۆیدا تێپه‌ڕ بووه‌ ‌و دادگا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ تێڕوانینی حزبایه‌تی یان لایه‌نگری بۆ لایه‌نێكی دیاریكراو كار ناكات و  دادبینیش له‌و دۆسیه‌یه‌ له‌ دادگا به‌رده‌وامه‌ و هه‌ر بڕیارێكیش ده‌ركرابێت قابیلی تانه‌لێدانه‌ به‌ رێگه‌ یاساییه‌كانه‌وه".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "هه‌ر كه‌سێك تێبینی یان رەخنه‌ی له‌ بڕیاره‌كانی دادگا هه‌یه‌ ده‌توانێت به‌ رێگه‌ی یاسایی خۆی تانه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ بدات، هه‌روه‌ها سكاڵاكار له‌گه‌ڵ بریكاره‌كه‌ی ده‌توانێت سه‌ردانی دادگای تاوانه‌كان بكات بۆ دڵنیابوون له‌ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه".

هەروەها، "ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌واڵ و زانیاری نادروست سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر كچێكی ته‌مه‌ن هەشت ساڵان بڵاوبووەته‌وه‌ گوایه‌ تۆمه‌تبارانی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ئازادكراون".

ئەوەش لەکاتیکدایە، ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو، باوکی ئەو کچە هەشت ساڵانە ڕایگەیاندبوو، بۆ ئەوەی داوا یاساییەکەی خۆی کە تۆماریکردووە بکشێنێتەوە، پۆلیس هەڕەشەی لێکردووە، لای خۆشیەوە پۆلیسی هەولێر ڕەتیكردەوە، هەڕەشەی لە باوكی ئەو كچە كردبێت.