سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: خۆم و خێزانەکەم بەشدارى لە خۆپیشاندانەکەدا دەکەین

​
فۆتۆ: 
2020-02-21

4466 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، خۆی و خێزانەکەی بەشداری لە خۆپیشاندانەکەی سبەینێدا دەکەن. لەبارەی ئەوەی دەوترێت قەرزاری حکومەتە بۆیە ناڕەزایی رێکدەخات دەڵێت، "چەند جارێکى تریش وتومە ئەگەر ئەوان مەردن با ئیجرائات بکەن".

لەمیانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى تاوتوێى کەناڵى ئێن ئاڕ تى، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەوەڵامى پرسیارێکدا کە گرەنتى چییە خۆپیشاندانەکەى شەممە ئاڵۆزى تێناکەوێت، رایگەیاند، گرەنتى ئەوەیە کە خۆم و خێزانەکەم بەشدارى لە خۆپیشاندانەکەدا دەکەین و پێشم وایە خەڵکێکى زۆر بەخێزانى بەشدارى لەو خۆپیشاندانەدا دەکەن.

لەوەڵامى پرسیارێکیشدا کە دەوترێت شاسوار عەبدولواحید لەبەر ئەوەى قەرزاى حکومەتەو حکومەتیش قەرزەکەى لێدەسەنێتەوە، بۆیە ئەم ناڕەزایەتییانە رێکدەخات، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ دەڵێت، "پێم وایە ئەو پرسیارە شایەنى وەڵامدانەوە نییە، بەڵام من چەند جارێکى تریش وتومە ئەگەر ئەوان مەردن با ئیجرائات بکەن".  دەشڵێت، "من ئەگەر قەرزاربم پێم شەرم نییە، دێمە سەر تەلەفزیۆن و دەڵێم قەرزارم".

لەوەڵامى ئەو پڕوپاگەندانەشدا کە دەڵێن کوڕى خەڵک بەکوشت دەدرێت، شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، "ئێمە وەکو خەڵک دەچینە پارکێک و خۆپیشاندان دەکەین دژى نەبوونى خزمەتگوزارى و چەند داواکارییەکمان هەیە، ئایا ئەو پارکانە چى لێیە تا ئێمە توندوتیژى بەرامبەر بکەین؟، پارکى ئازادى لەسلێمانى و شانەدەر لەهەولێر و نەورۆز لەدهۆک و باخی گشتی لە ناوبازاری هەڵەبجە، چى لێیە تا خەڵک بەردبارانیان بکات؟

ئەو قسەنای شاسوار عەبدولواحید لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ شەممە، ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٠، دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و چەند داوایەکی دیکە، خۆپیشاندانێکی جەماوەری سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.