سەردێڕ:

ئەو خواردنەوانە چین کە نابێت لەگەڵ دەرماندا بخورێنەوە؟

فۆتۆ: 
2020-02-21

10893 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ خواردنی دەرماندا نابێت هەندێك جۆر خواردنەوە بخورێنەوە، چونکە ئەگەری هەیە ببنە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و تەنانەت دڵتێکهەڵاتن و بوورانەوەش.

لە بابەتێکدا ماڵپەڕی روسیا تودەی ئاماژەی بەوەکردوە، پسپۆڕێك لە رێکخراوی فیدراڵی بۆ دروستکردنی دەرمان لە ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەکردووە، نابێت لەگەڵ دەرماندا خواردنەوەکانی وەك کحول، قاوە، چای و شیر بخورێنەوە.

ئاماژە بەوەشداوە کە ئەو خواردنەوەیەی لەگەڵ دەرماندا دەخورێتەوە رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لەسەر کاریگەریی دەرمان، یاخود وادەکات لایەنی خراپی هەبێت، بۆ نمونە کحول وادەکات کاریگەریی دەرمانەکە نەزانراو بێت، چونکە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی زیادبوونی کاریگەرییەکەی یاخود کەمبوونەوەی، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی لێدانەکانی دڵ و دڵتێکهەڵاتن و هتد.

شیر بەپێچەوانەی کحولەوە سوودی بۆ جەستە هەیە بەڵام نابێت لەگەڵ دەرماندا بخورێتەوە، چونکە پێكهاتەکانی شیر لەگەڵ دەرمانەکەدا پێکهاتەیەك دروستدەکەن کە بە ئاسانی ناتوێتەوە، هەروەها وادەکەن جەستە نەتوانێت دەرمانەکە بمژێت، ئەمەش وادەکات کاریگەریی دەرمانەکە لاوازبێت.

قاوە و چا لەبەر ئەوەی دەوڵەمەندن بە کافایین کاریگەریی چالاککەرییان هەیە، کاتێك دەخورێن کۆئەندامی دەمار هاندەدەن و وەڵامدانەوەی ناپێویستییان دەبێت بۆ دەرمانەکان، بەهۆی ئەمەشەوە تووشی دڵەڕاوکێ و زیادبوونی لێدانی دڵ و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن دەبن.

هەروەها پسپۆڕان رێنمایی دەدەن بەوەی دەرمان لەگەڵ شەربەتی سندیدا نەخورێتەوە، چونکە پێکهاتەی فۆروکومارین و فلافۆنوید لە پێکهاتەیدا هەیە کە دوو پێکهاتەی بەسوودن بۆ جەستە بەڵام لەکاتی خواردنەوەی لەگەڵ دەرماندا وادەکات ئەنزیمێك دروستببێت کە پێكهاتە پزیشکییەکە شیدەکاتەوە و زیانی بۆی دەبێت.