سەردێڕ:

دەیان هاوڵاتی هەرێم لە مەرزی باشماخ ڕاگیراون

دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران
فۆتۆ: 
2020-02-21

9649 جار خوێندراوەتەوە

لە ئێستادا دەیان هاوڵاتی هەرێم کە لە وڵاتی ئێرانەوە گەڕاونەتەوە لەبەر مەترسی کۆرۆنا لە دەروازەی باشماخ ڕێگەیان نادرێت بگەڕێنەوە هەرێم و ڕاگیراون.

ئەحمەد مەجید بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، "ئەوان کۆمەڵێک خێزانن کە بەمەبەستى وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى سەردانى وڵاتى ئێرانیان کردووە ، بەڵام پاش تەواوکردنى ڕێکارەکانى گەڕانەوەیان لە ئێستادا لە مەرزى باشماخ ڕێگایان پێ نادرێت بێنەوە ناوخاکى هەرێمى کوردستان".

ئاماژەى بەوەشکرد، "ژمارەیەک منداڵیان لەگەڵدایە هیچ تیمێکى پزیشکى لەناوچەکە بوونى نییە بەمەبەستى پشکنین بۆ ئەو هاوڵاتیانە".

هاوکات، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، ژمارەى ئەو کەسانەى بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە ئێران گیانیانلەدەستداوە بۆ چوار کەس و ژمارەى توشبووانیش بۆ ١٨ کەس بەرزبووەتەوە.

هەروەها، ھێڵی فڕۆکەوانی عێراق رایگەیاند، بەھۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە وڵاتی ئێران، گەشتی نێوان سلێمانی تاران ھەڵوەشێندراوەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بەبەمەستی ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاریداوە سەرجەم گەشتەكانی نێوان ئێران و هەرێم ڕابگرێت و داواش لە هاوڵاتیانی هەرێم  دەكات گەشتەكانیان بۆ ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەكی كاتی دوابخەن.