سەردێڕ:

دواین زانیاری لەسەر رێكەوتنی تاڵیبان و ئەمریكا ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-02-21

3007 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەركردەی رێكخراوی تاڵیبانی ئەفغانستان رایگەیاند، بەمنزیكانە رێكەوتنی مێژووی نێوان تاڵیبان و ئەمریكا واژوو دەکرێت و بۆ ماوەى هەفتەیەک توندوتیژییەکان رادەگیرێت.

سیراجەدین حەقانى، جێگری سەركردەی رێكخراوی تاڵیبانی ئەفغانستان بە رۆژنامەى نیویۆرك تایمزى ئەمریکى راگەیاندووە، رێکەوتنەکە بۆ ماوەى هەفتەیەکە و بەرپرسانى تاڵیبانیش بە تەواوى پابەندى رێکەوتنەکەن و رێزى لێدەگرن.

راشیگەیاندووە، "هەڵویستى ئەمڕۆمان لەسەر رێکەوتنى ئاشتى، لەگەڵ ئەمریکا تەنها دەستکەوتێکى بچوک نییە".

وتیشى، "بەرجەستەکردنى رێکەوتنەکە بە تەواوى و گرەنتى سەرکەوتنى و بەردەوامیدان بە پرۆسەى ئاشتى، پشت بەلایەنى ئەمریکا دەبەستێت کە تا چەند رێز لە رێکەوتنەکە دەگرێت و پابەندى دەبێت".

سیراجەدین حەقانى، زیاتر دەلێت، "ئێمە پابەندین بە کارکردن لەگەڵ هەموو لایەک بە نیەتى راستگۆییکردن لەگەڵ رێکەوتنەکان و هەماهەنگیکردن لەسەر بونیاتنانى سیستمێکى نوێ کە هەموان لەخۆبگرێت".

یەکێک لەو بابەتەى لە رێکەوتنەکەدایە، مافەکانى ئافرەتە و حەقانى دەڵێت، دەبێت رێزى لێبگیرێت بەپێى ئادابەکانى ئیسلام.

دوپاتیشیکردەوە، یەکێک لە خاڵەکانى رێکەوتنەکە، "لایەنگرانى تاڵیبان رێگرى دەکەن لە هاتنى گروچە چەکدارییە توندڕەوییەکان بۆ ئەفغانستان تا لە بەرژەوەندییەکانى وڵاتانى دەرەوە بدەن".

بەپێى رێکەوتنەکە، لە ماوەى هەفتەیەکدا ئەمریکا دەست بەکشانەوەى هێزە سەربازییەکانى دەکات لە ئەفغانستان لەبەرامبەر وەرگرتنى گرەنتى ئاسایشى سەلامەتییان لەلایەن تاڵیبانەوە.

جێگری سەركردەی رێكخراوی تاڵیبانی ئەفغانستان ئاماژەى بەوەشکرد، رۆژى ٢٩ى ئەم مانگە لە دەوحەى پایتەختى قەتەڕ ئیمزا لەسەر رێکەوتنەکە دەکرێت.

لە ساڵى ٢٠٠١ وە شەڕ و پێکدادان لە نێوان رێکخراوى تاڵیبان و ئەمریکا لەلایەک و تاڵیبان لەگەڵ حکومەتى ئەفغانستان لەلایەکى تر دەستیپێکردووە و بەهۆیەوە هەزاران کەسى مەدەنى کوژراون.

تاڵیبان لە کۆى ٤٠٧ یەکەى ئیدارى، ٥٩ یەکەى ئیدارى بەدەستەوەیە و لەگەڵ ئەوەشدا لە ١١٩ یەکەى ئیدارى دیکەش ژمارەیەکى زۆر لایەنگرى هەیە.

ب.ب